بۆ یەکەم جار لە مێژووی مۆندیال؛ فیفا چەند گۆڕانکارییەک لە مۆندیالی 2026 دەکات
گۆڕانکارییەکان بەدڵی هاندەران نین

یاریگا –
فیفا بڕیاریداوە بۆ یەکەم جار لە مێژووی یارییەکانی جامی جیهانی چەند گۆڕانکارییەک لە شێوازی بەڕێوەچوونی یارییەکان بکات و لە جامی جیهانی 2026 جێبەجێدەکرێن.
تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، بەگوێرەی چەند بڕیارێکی نوێی فیفا، لە یارییەکانی جامی جیهانی 2026، بۆ وەرگرتنی پشوو و ئاوخواردنەوەی یاریزانان، دوو جار یاریی رادەگیرێت.
تۆڕە ئەمریکییەکە ئەوەشی روونکردووەتەوە، لە هەر گێمێک یەک جار یاریی رادەگیرێت و ماوەی هەر راگرتنێک سێ خولەک دەبێت، لەو سێ خولەکەدا، رێ بەو کەناڵانە دەدرێت کە مافی پەخشکردنی یارییەکانیان هەیە، ریکلام بخەنە سەر شاشەکانیان، ئەمەش شتێکی نوێیە و یەکەم جارە لە مێژووی پاڵەوانێتییەکەدا روودەدات.

بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، کەناڵەکان دوای 20 چرکە دوای ئەوەی ناوبژیوان یاریی رادەگرێت دەتوانن ریکلام لێبدەن، هەروەها 30 چرکە بەر لە دەستپێکردنەوەی یاریی پێویستە ریکلامەکە لاببرێت و یارییەکە بخرێتەوە سەر شاشە، واتا دەتوانن دوو خولەک و 10 چرکە ریکلام لێبدەن.
یارییەکانی جامی جیهانی 2026 لە 8ـی مانگی 6ـی ئەمساڵ لە سێ وڵاتی جیاواز؛ ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک بەڕێوەدەچن.



