
یاریگا –
بارسێلۆنا دەیەوێت گرێبەستی ئاندرێس کریستێنسن، بەرگریکاری یانەکەی بۆ ماوەیەکی زیاتر درێژبکاتەوە.
کریستێنسن یەکێکە لەو یاریزانانەی بارسا کە لە هاوینی ئەمساڵ هاوشانی رۆبێرت لیڤاندڤسکی، هێرشبەری یانەکە و ڤۆیچێخ چێزنی، گۆڵپارێزی یانەکە گرێبەستەکانیان کۆتایی دێت.
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ بڵاویکردووە، بارسێلۆنا گفتوگۆی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ کریستێنسن دەستپێکردووە و ئۆفەری دوو ساڵ درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی پێشکەشکردووە.

رۆژنامەکە ئەوەشی ئاشکراکردووە، هەفتەی رابردوو بارسێلۆنا گرێبەستەکەی پێشکەش بە بەرگریکارە دانیماڕکییەکە کردووە و رۆژی چوارشەممە، بریکاری یاریزانەکە و دیکۆ، لە هۆتێلێکی نزیک یاریگای سپۆتیفای کامپ نۆو کۆبوونەتەوە.
سەرەڕای ئەوەی لە چەندین یانەی خولی رۆشنی سعوودییەوە گرنگی بە تواناکانی کریستیێنسن دەدرێت، بەڵام یاریزانەکە دەیەوێت لە یانە کاتالوونییەکە بمێنێتەوە، بەتایبەت لەبەر هۆکاری خێزانی، کە خێزانەکەی لە ژیانی شارەکە زۆر ئاسوودەن و نایەوێت روو لە هیچ وڵاتێکی دیکە بکەن.
کریستێنسن لە هاوینی ساڵی 2022 بەخۆڕایی لە یانەی چێڵسییەوە پەیوەندی بە بارسێلۆنا کرد، ئێستا بەهۆی پێکان لە یاریکردن دوورکەوتووە و هەموو هەوڵێکی بۆ زوو گەڕانەوەیە.



