کیلیان ئێمباپێ بەشداریی یارییەکەی مانچێستەر سیتی دەکات؟
پڕۆسەی چاکبوونەوەی دەستیپێکردووە

یاریگا –
بەهۆی پێکانی ئەژنۆیەوە گومان لە بەشداریکردنی کیلیان ئێمباپێ لە یارییەکەی مانچێستەر سیتی دەکرێت بەڵام تاوەکوو ئێستا بڕیاریی کۆتایی لەوبارەیەوە نەدراوە.
رۆژنامەی ئاس بڵاویکردووەتەوە، دوای پشکنینە پزیشکییەکان کیلیان لە فەڕەنسا گەڕاوەتەوە، سەبارەت بە جۆری پێکانەکەی پزیشکەکانی پاریسیش هەمان بۆچوونی پزیشکەکانی ریال مەدریدیان هەبووە و یاریزانەکە لە ئەژنۆیدا تووشی وەرگەڕان بووە، بۆیە پێویستە پشوو وەربگرێت و یاریی نەکات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی هەمان سەرچاوە، ئەستێرە فەڕەنسییەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ ریال مەدرید گەشتەکەی بۆ فەڕەنسا کردووە، لەوێ چاوی بە چەند پزیشکێکی تایبەت کەوتووە و پڕۆگرامی چاکبوونەوەی زۆر وردی بۆ دانراوە.

رۆژنامە مەدریدییەکە لە زاری چەند سەرچاوەیەکی نێو مێرەنگی ئەوەشی بڵاوکردووەتەوە، بەشداریکردنی کیلیان لە یاریی یەکەم بەرامبەر مانچێستەر سیتی قورسە، بەڵام ئەستەم نییە، یانەکە و خودی یاریزانەکەش دەیانەوێت بۆ ئەو یارییە ئامادەبێت، هێشتا بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە بەشدارینەکردنی نەدراوە.
ساتی تووشبوونی ئێمباپێ بە پێکانەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 7ـی مانگی 12ـی ساڵی رابردوو، کاتێک لە بەرامبەر سێلتا ڤیگۆ لە ئەژنۆیدا هەستی بە ئازار کرد، سەرەڕای ئەوەش، لە یاریکردن بۆ ریال مەدرید بەردەوام بوو و لە 12 یاریی دوای یارییەکەی سێلتا 13 گۆڵی بۆ یانەی شاهانە کرد.
ریال مەدرید ئێستا لە قۆناخێکی زۆر هەستیاری وەرزەکەدایە و هەموو هیواکانی لەسەر گەڕانەوەی سوپەر کیلیان هەڵچنیوە، بەتایبەت لە چامپیۆنزلیگ دوو یاریی چارەنووساز و قورسی لەبەردەمدایە.



