راپۆرتی تایبەت؛ ئەگەر تۆتنهام بۆ چامپیۆنشیپ دابەزێت زیانێکی گەورەی دارایی دەکات
داهاتوویەکی قورس چاوەڕێی سپێرس دەکات

یاریگا –
تۆتنهام ئەم وەرزە قەیرانێکی قوڵ بەرۆکی گرتووە و هەڕەشەی دابەزین نەوەک تەنیا زیان بە سەنگ و قورسایی یانەکە دەگەیەنێت، بەڵکوو داهاتێکی خەیاڵیشی لەدەستدەچێت.
شەوی رابردوو سپێرس لە یاریگای تایبەت بە خۆی میوانداری کریستاڵ پاڵاسی کرد و 3-1 یارییەکەی دۆڕاند. ئێستا بە کۆکردنەوەی 29 خاڵ لە پلەی 16ـی ریزبەندییە.
بەگوێرەی زانیاریی و لێکدانەوەکانی تۆڕی بی بی سی، لە ئەگەری دابەزینی بۆ چامپیۆنشیپ یانە لەندەنییەکە 261 ملیۆن یۆرۆ زیانی دارایی دەکات.

داهاتی پەخشی تەلەڤیزیۆنی و بلیتی یارییەکان
یەکێک لە گەورەترین ئەو گورزە داراییانەی چاوەڕێی تۆتنهام دەکات داهاتی پەخشی تەلەڤیزیۆنییە. یانەکانی پرێمەرلیگ زۆرترین داهات لەو رێگایەوە بەدەستدەهێنن، سپێرس ساڵانە 128 ملیۆن پاوەندی لە فرۆشتنی پەخشی تەلەڤیزیۆنی یارییەکانی دەستدەکەوێت بەڵام لە چامپیۆنشیپ تەنیا 45 ملیۆن پاوەند وەردەگرێت.
دۆڕاندنی یارییەکان کاریگەری لەسەر نرخی بلیتی یارییەکانی یانەکە دەبێت، تۆتنهام ساڵانە 130 ملیۆن پاوەند لە رێی فرۆشتنی بلیتی یارییەکانی لە یاریگاکەی خۆی پەیدا دەکات، بەڵام بەهۆی ئاستی یانەکانی چامپیۆنشیپ نرخی بلیتەکان دادەبەزێت.

داهاتی بازرگانی و چامپیۆنزلیگ
بەگوێرەی شیکردنەوەکانی تۆڕە بەریتانییەکە، تۆتنهام ساڵی رابردوو 269 ملیۆن پاوەندی لە رێی سپۆنسەرەکانی بەدەستهێناوە کە ژمارەیەکی پێوانەیی بوو لە مێژووی یانەکەدا، بەڵام پێدەچێت رێکەوتنی لەگەڵ کۆمپانیای نایک و گرووپی ئەی ئای ئەی گۆڕانکاری بەسەردابێت و داهاتی یانەکە روو لە دابەزین دەکات.
سەرنەکەوتنی تۆتنهام بۆ چامپۆنزلیگی وەرزی داهاتوو کاریگەرییەکی گەورەی ئابووری لەسەر یانەکە دەبێت، یانەکە لە دەیان ملیۆن دۆلاری پەخشی تەلەڤیزیۆنی لە یارییەکانی چامپیۆنزلیگ و پاداشتە داراییەکانی خولەکە بێبەش دەبێت.

هاوکات، کێریان ماگوایەر، شارەزای دارایی تۆپی پێ هۆشدارییدا ئەگەر تۆتنهام دابەزێتە چامپیۆنشیپ، لێکەوتەی درێژخایەنی بۆ یانەکە دەبێت و گەڕانەوەی بۆ سەر سکە چەند ساڵێک دەخایەنێت.
تۆتنهام تەنیا 9 یاریی لەم وەرزە ماوە و گەیشتووەتە قۆناخێکی یەکلاییکەرەوە، ئێستا سپێرس نەک تەنیا بۆ مانەوە، بەڵکوو بۆ پاراستنی داهاتووی یانەکە دەچێتە نێو یارییەکان.



