ئێمباپێ سێ مانگە لە ئەژنۆیدا پێکانی هەیە؛ ماوەی چەندێک دوور دەکەوێتەوە؟

یاریگا –
ئێوارەی دووشەممە ریال مەدرید زانیاریی نوێی لەبارەی پێکانەکەی کیلیان ئێمباپێ بڵاوکردەوە.
ریال مەدرید رایگەیاند کە ئێمباپێ لە فەڕەنسا پشکنینی پزیشکیی نوێی بۆ کراوە، ئەنجامەکان نیشانیان داوە کە هێشتا وەرگەڕان لە ئەژنۆیدا هەیە، هەمان ئەو ئەنجامەکەی کە یانەکە لە کۆتاییەکانی کانوونی یەکەم/دێسێمبەر بڵاویکردەوە.
بەیاننامەکە ئاماژەشی بەوە کردووە کە ‘چارەسەری سرووشتی’ بژاردە دروستەکەیە و پێویست ناکات نەشتەرگەری ئەنجام بدات. وەکوو هەمیشەش یانەکە هیچ کاتێکی بۆ گەڕانەوەی دیاریی نەکردووە و دەڵێت چاودێریی بەرەوپێشچوونی دۆخی پێکانەکەی دەکەن.
ئێمباپێ لە سەرەتای کانوونی یەکەمەوە ئازار لە ئەژنۆی چەپیدا هەیە، ئەگەرچی بەردەوام بوو لە یاریکردن و تۆمارکردنی گۆڵ بەشێوەیەکی ئاسایی، بەڵام نەیتوانی بەشداریی دوایین دوو یاریی یانەکە بکات، کە یەکێکیان شکستە چاوەڕواننەکراوەکەی بەرامبەر خیتافی بوو. بۆ ئێستا کاتی گەڕانەوەی دیار نییە و مەدرید پێویستییەتی چونکە وەرزەکە خەریکە دەگاتە گرنگترین مانگەکانی.
دۆخەکە هێشتا گومان دروست دەکات: بۆچی هێشتا گومانی زۆر لەسەر پێکانەکەی هەیە؟ چۆن مامەڵەی لەگەڵدا کراوە؟ ئەی ئەمە دەکرێت لەگەڵ هەڵبژاردەی فەڕەنسا چ کاریگەرییەکی لەسەر بەشداریکردنی لە جامی جیهانیی هەبێت؟
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی ئاتلێتیک، چەند سەرچاوەیەک کە زانیاریی راستەوخۆیان لەسەر کەیسەکە هەیە و نەیانویستووە بناسرێن، زانیاریان لەسەر چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ پێکانەکەی ئێمباپێ بڵاوکردووەتەوە.
چەندێکە ئێمباپێ ئەم کێشەیەی هەیە؟
کیلیان ئێمباپێ نزیکەی سێ مانگە ئازار لە ئەژنۆی چەپیدا هەیە. کێشەکە سەرەتا لە شکستەکەی ریال مەدرید بەرامبەر سێلتا ڤیگۆ لە 7ـی کانوونی یەکەم دەرکەوت. ستافی یانەکە گوتیان یاریزانەکە لە کاتی یارییەکەدا لێدانێک بەر ئەژنۆی کەوتووە.
سێ رۆژ دواتر، کیلیان وەکوو یەدەک بانگشێتی یارییەکەی مانچێستەر سیتی لە چامپیۆنزلیگ کرابوو، بەبێ ئەوەی یاریی بکات. لەو کاتەدا یانەکە گوتی رەنگە بەشداریی یارییەکە نەکات بەهۆی شکانی پەنجەیەکی دەستییەوە، نەوەکوو کێشەی ئەژنۆی. رۆژێک پێش یارییەکە پەیامەکە بۆ ‘ئازاری ماسوولکە’ لە قاچی چەپی گۆڕا. پاشان راپۆرتەکان پشتڕاستکرانەوە کە ئازاری ئەژنۆ بووە و لەسەر کورسی یەدەک مایەوە.
دوای سێ رۆژ، بەرامبەر تالاڤێرا لە جامی شای ئیسپانیا بەشداریی کرد، ئەمە تەنانەت لەنێو یانەکەش یانەکەش مشتومڕی دروستکرد، کە ئایا بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ کراوە یاخود نا تاوەکوو یارمەتی بدەن ریکۆردەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ یەکسان بکاتەوە، کە 59 گۆڵ بوو لە ساڵێکدا. ئێمباپێ دواتر ریکۆردەکەی یەکسانکردەوە.
لە 30ـی کانوونی یەکەم لە کاتی راهێنانەکان، پێدەچوو کیلیان ئازاری هەبێت و بینرا کە دەست لە ئەژنۆی چەپی دەدات کاتێک قسە لەگەڵ ستافی پزیشکی دەکات. سەرەڕای ئەوەش ریال مەدرید تەنیا بەیاننامەیەکی فەرمی لە 31ـی کانوونی یەکەم بڵاوکردەوە، 24 رۆژ دوای دەستپێکردنی کێشەکە، کە تێیدا ئاماژە بەوە کرابوو لە ئەژنۆی چەپیدا سووڕان هەیە و چاودێریی بەرەوپێشچوونی دەکرێت.
لە سەرەتادا سەرچاوەکانی یانەکە گوتیان یارییەکەی خول بەرامبەر ریال بێتیس لەدەست دەدات و سوپەری ئیسپانی لە سعوودییە گومان لە بەشداریکردنی هەیە، کیلیان سەرەتا گەشتی نەکرد و دوو راهێنەری توانای جەستەیی لە مەدرید مانەوە تاوەکوو کاری لەگەڵدا بکەن. دوای ئەوەی مێرێنگێ 2-1 لە ئاتلێتیکۆ مەدریدی بردەوە و گەیشتە یاریی کۆتایی، ئێمباپێ گەشتی جەددەی کرد و 15 خولەک لە یاریی کۆتایی بەشداریی کرد، کە یانەکە 3-2 بە بارسێلۆنا دۆڕا.
پێش ئەو کۆتاییە 21 رۆژ بوو هێرشبەرە فەڕەنسییەکە یاریی نەکردبوو. ئازارەکە بەردەوام بوو و لە یارییەکەی ئالباسێتێ لە جامی شای ئیسپانیا بەشداریی نەکرد، کە یەکەم یاریی ئالڤارۆ ئاربێلوای راهێنەری نوێ بوو.
لەو کاتەوە ئێمباپێ 8 یاریی کردووە و 9 گۆڵی کردووە. لە یاریی بەرامبەر ریال سۆسیداد لە 14ـی شووبات لەسەر کورسی یەدەک بوو بەبێ ئەوەی بەشداریی بکات و لە یاریی گەڕانەوەی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر بێنفیکا بەشداریی نەکرد. لە یارییەکەی ئۆساسونا کە چەند رۆژێک پێش ئەو یارییە بوو وا دەرکەوت کە کیلیان بەهۆی ئازارەوە دەناڵێنێت، ئەگەرچی یارییەکەشی تەواو کرد.
ئێمباپێ چەندێک دوور دەکەوێتەوە؟
ئەمە پرسیارێکی گەورەیە و هێشتا وەڵامێکی روون نییە. دوای ئەوەی کیلیان ئێمباپێ یارییەکەی چامپیۆنزلیگی بەرامبەر بێنفیکا لەدەستدا، ئالڤارۆ ئاربێلوا گوتی کە یانەکە بڕیاریداوە پێویستە بوەستێت و بەشێوەیەکی گونجاو چاک ببێتەوە. روونیشیکردەوە کە هەندێک جار قورسە جیاوازی لەنێوان ئازارێکی ئاسایی و پێکانێکی راستەقینە بکەیت، بەڵام ئەگەر یاریزانێک یاریی نەکات واتە پێکانی هەیە. گوتیشی کە رۆژ بە رۆژ لەگەڵ ئێمباپێ دەڕۆن تاوەکوو 100% چاک دەبێتەوە.
بە وریاییەوە چارەسەری بۆ کرا، راهێنانەکانی کەمرایەوە، بەڵام کاتێک یاریی دەکرد بەگشتی تەواوی یارییەکە یاریی دەکرد، جگە لە بەشدارییە کەمەکەی لە یاریی کۆتایی سوپەری ئیسپانیا بەرامبەر بارسێلۆنا.
ریال مەدرید بەخێرایی پێویستییەتی، هەفتەی داهاتوو لە چامپیۆنزلیگ رووبەڕووی مانچێستەر سیتی دەبنەوە. لە لالیگا؛ ریال مەدرید دوای 26 یاریی 4 خاڵ لەدوای بارسێلۆناوەیە، لە جامی شای ئیسپانیا کراونەتە دەرەوە و سوپەری ئیسپانیشیان دۆڕاندووە.
نوێنەرانی ئێمباپێ رۆژی دووشەممە دوای گەشتە پزیشکییەکەی بۆ پاریس، رایان گەیاند کە پلانی نەشتەرگەریان نییە. سەرچاوەکانی مەدریدیش بەهەمان شێوە پێشبینی نەشتەرگەری ناکەن و چارەسەری سرووشتی پشتڕاست دەکەنەوە. تاوەکوو ئێستا رێکەوتی گەڕانەوەی دیار نییە، هەندێک رۆژ هەست بە باشی دەکات و رۆژەکانی دیکە ئازارێکی زۆری هەیە.
پسپۆڕە پزیشکییەکان دەڵێن بەگشتی بۆ سووڕانی ئەژنۆی ئاست نزم پێویست بە نەشتەرگەری ناکات، ئاست مامناوەند پێویستی بە لایەنی کەم 3 هەفتە پشوودان هەیە. ئاستی دووی پێکانەکە نزیکەی 6 هەفتەی پێویستە، بەڵام ئەگەر یاریزانەکە بەردەوام بێت لە یاریکردن، دەکرێت پێکانەکە ببێتە درێژخایەن و ساڕێژبوونی قورستر دەبێت. ئەگەر دۆخی پێکانەکە بەرەوپێش نەچێت، ئەگەری ئەنجامدانی نەشتەرگەریی هەیە، بەڵام ئەمە بۆ پێکانە بچووکەکان باو نییە.
کەمتر لە 4 مانگ ماوە بۆ جامی جیهانیی کە هەڵبژاردەی فەڕەنسا تێیدا رووبەڕووی سێنێگال دەبێتەوە، نیگەرانییەتی زۆر سەبارەت بە کیلیان دروست بووە، بەڵام سەرچاوەکانی ژووری خۆگۆڕین دەڵێن ئێستا ئێمباپێ هەست بە ئارامی زیاتر دەکات چونکە پلانێکی چاکبوونەوەی روونتری هەیە.
ئەم وەرزە ئێمباپی 38 گۆڵی لە کۆی 87 گۆڵی ریال مەدرید کردووە کە دەکاتە نزیکەی 44%ـی گۆڵەکانی یانەکە. لە کۆی 15 یاریی یانەکە لە 2026 لە 5 یاریی دابڕاوە.



