
یاریگا –
یۆرگن كڵۆپ، راهێنەری پێشووی یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی لە كارە نوێیەكەی دڵخۆش نییە و لە دوای چواردە مانگ کارکردن لەگەڵ کۆمپانیای رێد بوڵ، بە ئەگەری زۆرەوە لە هاوینی داهاتوودا لەگەڵ کۆمپانیاکە جیادەبنەوە.
لەدوای جێهێشتنی لیڤەرپوول لە ساڵی 2024، کڵۆپ سەرپەرشتی سەرجەم تیپەکانی کۆمپانیای رێد بوڵ، کە بریتین لە یانەکانی لایپزیگی ئەڵمانی، سالزبورگی نەمسای و نیو یۆرکی ئەمریکی دەكات.
🇩🇪🐂 Jürgen Klopp a retrouvé le feu et l’envie d’être sur un banc. Tous les détails à lire ICI ⤵️
🗞️ @SkySportCH🇨🇭 #LFC #mannschaft #RB #mercato
— Sacha Tavolieri (@sachatavolieri) March 4, 2026
بە گوێرەی زانیارییەكانی سكای سپۆرتس، داهاتووی یۆرگن كڵۆپ خێراتر لەوەی چاوەڕواندەكرا روودەدات، لە دوای جێهێشتنی لیڤەرپوول كڵۆپ هەست بە بۆشاییەكی گەورە دەكات ئەویش گەڕانەوەیە بۆ سەر هێڵی یاریگاكان و ژووری جلگۆڕین و جۆش و خرۆشی نێو یاریگاكان.
رۆڵێک کە لە جۆش و خرۆشی یاریگا دوورە
كڵۆپ ئێستا ئەركی سەرپەرشتیاری گشتی هەیە و زۆر دوورە لە بەڕێوەبردنی تیپێكی پیشەگەر كارەكەی زیاتر ستراتیژییە نەوەک وەرزشی، ئەوەش راهێنەرە ئەڵمانییەكەی لە ژووری جلگۆڕینەكان، گفتوگۆكانی پێش یاریی و دوای یاریی و ئەو فشارانەی كاروانی وەرزشی بەڕێكردووە دوورخستووەتەوە.
هەروەها لەناوخۆی كۆمپانیەكەشدا ئەو بڕیارانەی لە مانگەكانی رابردوودا دراون كاریگەری گەورەیان نەبووە و ئەو یانانەی کۆمپانیاکە خاوەندارێتیان دەکات ئەنجامەکانیان لە ئاست چاوەڕوانییەکاندا نییە.
ریال مەدرید لە بۆسەدایە
یانەیەک هەیە بە وردی چاودێری بارودۆخی یۆرگن كڵۆپ دەكات ئەویش ریال مەدریدە، یانە شاهانەكە چەندین ساڵە سەرسامی كەسایەتی، كاریزما و تواناكانی راهێنەرەكەن.
تاوەكو ئێستا هیچ پەیوەندییەكی فەرمی نەبووە، بەڵام ریال مەدرید هەرگیز بیرۆكەی بینینی راهێنەرە ئەڵمانییەكە لەسەر كورسی یەدەكی یانەكەی لانەبردووە و لە ئەگەری گەڕانەوەی بۆ كاری راهێنەرایەتی بەتەواوی هەوڵی گواستنەوەی دەدەن.
راهێنەرایەتی نەكردنی هیچ یانەیەكی دیكەی پرێمەرلیگ
بەهۆی دڵسۆزی و مێژووە دوور و درێژەكەی لەگەڵ لیڤەرپوول، یۆرگن كڵۆپ نایەوێت راهێنەرایەتی هیچ یانەیەكی دیكەی پرێمەرلیگ بكات.
هەرچەندە لە رابردوو چەند جارێک کڵۆپ رایگەیاندووە لەگەڵ رێد بوڵ دڵخۆشە، بەڵام دەنگۆکانی گەڕانەوەی بۆ کاری راهێنەرایەتی دەستیانپێکردووە، راهێنەرە ئەڵمانییەکە ناوی بە ریال مەدرید بەستراوەتەوە و پێشبینی دەکرێت جێگای ئالڤارۆ ئاربێلوا بگرێتەوە کە بە شێوەیەکی کاتی ئەرکی راهێنەرایەتی یانەکە بەڕێوەدەبات و ئەنجامەکانی لەگەڵ یانەکە جێی رەزامەندی بەرپرسانی مێرەنگی نییە.



