
یاریگا –
یانەی دهۆک چارەنووسی عەبدولغەنی شەهد، راهێنەری یانەکەی یەکلایی دەکاتەوە.
تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیوویەتی، ئەمشەو دەستەی کارگێڕی یانەی دهۆک لەگەڵ راهێنەر و یاریزانانی تیی تۆپی پێی یانەکە کۆبووەتەوە و باسیان لە دۆخی ئێستای یانەکە کردووە.
تۆڕی وەرزشی یاریگا ئەوەشی زانیووە، دەستەی کارگێڕی دهۆک لە کۆبوونەوەکە بڕیاریداوە متمانە بە عەبدولغەنی شەهد، راهێنەری یانەکە ببەخشێتەوە و ئەو راهێنەرە لە پۆستەکەی دوورناخرێتەوە.
هەروەها یاریزانانی یانەکە بەرپرسیارێتی ئەنجامە خراپەکان لە ئەستۆ دەگرن و داوای مانەوەی راهێنەرەکەیان کردووە.
لە ئەگەری نە گەڕانەوە بۆ رێچکەی سەرکەوتن، هەڵۆکانی چیا سزای دارایی بەسەر یاریزانەکانی دەسەپێنێت.
یانەی دهۆک بە دۆخێکی ناجێگیرێدا تێدەپەڕێت، لەدوایین 10 یاریی خولی ئەستێرەکانی عێراق تەنیا سێ یاریی بردووەتەوە، سێ یاریی دۆڕاوە و لە چوار یاریی یەکسانبووە.
دهۆک لەم ورزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق لەکۆی 20 یاریی خاوەنی 7 بردنەوەیە، 6 یاریی یەکسانبووە و 7 یارییش دۆڕاوە، بە کۆکردنەوەی 27 خاڵ پلەی دەیەمی ریزبەندی خولەکەی گرتووە.




