گۆڵەکانی بە لێدانی راستەوخۆ زیاترە لە گۆڵەکانی بە پێناڵتی

یاریگا –
لیۆنێل مێسی بەردەوامە لە نووسینەوەی مێژوو و بەرامبەر ئۆلاندۆ سیتی دوو گۆڵی کرد.
مێسی لە تەمەنی 38 رەنگە توانای جەستەیی لە ئاستی پێشووی نەبێت، بەڵام کوالێتییەکەی نەگۆڕاوە. یەکێک لە گۆڵەکانی لە رێگەی لێدانی راستەوخۆ بوو و هیچ دەرفەتێکی بۆ گۆڵپارێز نەهێشتەوە کاردانەوەی هەبێت. مێسی لە سەردەمی بارسێلۆناوە هاندەران لەو دیمەنە نایابە بێبەش ناکات.
ژمارەکانی لیۆ سەرسوڕهێنەرن، لەوەتەی 2018 مێسی ژمارەی گۆڵەکانی کە بە لێدانی راستەوخۆ کردوویەتی زیاترە لە ژمارەی گۆڵەکانی کە بە پێناڵتی کردوویەتی. لە دوایین 8 ساڵدا لیۆ 36 گۆڵی بە لێدانی راستەوخۆ کردووە و 35 گۆڵیش بە پێناڵتی. ئەمە ژمارەیەکە هیچ گۆڵکارێکی دیکە لەو ماوەیەدا پێی نەگەیشتووە.
بەراورد بە کریستیانۆ رۆناڵدۆ جیاوازییەکە ئاشکرایە. لەوەتەی 2018 رۆناڵدۆ 83 گۆڵی بە پێناڵتی کردووە، بەڵام تەنیا 11 گۆڵ لە رێگەی لێدانی راستەوخۆوە بووە.
بەو لێدانە راستەوخۆیەی بەرامبەر ئۆرلاندۆ سیتی گۆڵی پێکرد، مێسی ژمارەی گۆڵەکانی بە لێدانی راستەوخۆ گەیاندە 70 گۆڵ، ژمارەکەی پێلێی یەکسانکردەوە وەکوو دووەم گۆڵکاری مێژوویی لە رێگەی لێدانی راستەوخۆ. لیۆ ئێستا تەنیا 7 گۆڵ لە گۆڵکاریی مێژووییەوە دوورە، کە جونینیۆیە بە 77 گۆڵ.



