ناوماڵی ریال مەدرید؛ ئالڤارۆ ئاربێلوا دووردەخرێتەوە؟ فلۆرێنتینۆ پێرێز دەستلەکاردەکێشێیەوە؟
لە ریال مەدرید چ باسە؟

یاریگا – ئاتلێتیک
بەخێربێن بۆ زنجیرەی ئەم هەفتەیەی ‘ناوماڵی ریال مەدرید‘ کە زنجیرەیەکی هەفتانەیە و تۆڕی یاریگا و ئاتلێتیک بە درێژایی وەرزی 2025/2026 پێشکەشتانی دەکەن.
هەموو هەفتەیەک زانیاریی ورد، شیکاریی سەرەکی و گرنگترین زانیارییەکانی ناو یانەی ریال مەدرید پێشکەشی هاندەرانی مێرێنگی دەکەین.
ئەم زانیارییانە رەنگدانەوەی چەندین گفتوگۆیە لەگەڵ سەرچاوە جیاوازەکانی ریال مەدرید و زانیارییەکان تەواو متمانەپێکراون.
زۆرترین قسە و باسی ئێستای ریال مەدرید چییە؟
شەوی رابردوو ریال مەدرید لە یاریگای بێرنابیۆ میوانداریی خیتافی کرد لەسەر دەستی یانە هاوشارییەکەی تاڵاوی شکستێکی دیکەی چەشت و کۆمەڵێک گومان لەسەر یانەکە سەریانهەڵدا. ئەم شکستە دووەمین شکستی یەک لەدوای یەک بوو لە لالیگا و جیاوازیی خاڵەکانیان لەگەڵ بارسێلۆنای پێشەنگ بۆ چوار خاڵ زیادیکرد.
مێرەنگی شەوێکی دیکەی رەشی بەڕێکرد و جارێکی دیکە هاندەرانی بێرنابیۆ فیکەی ناڕەزایەتییان لە دژی یاریزانانی یانەکە لێدا و داوای دەستلەکارکێشانەوەی فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەکەیان کرد.

پۆستەکەی ئاربێلوا لەژێر هەڕەشەدایە؟
سەرەڕای نەبوونی ئەزموونی زۆر لەدوای دوورخستنەوەی چابی ئاڵۆنسۆ ئاربێلوا وەکوو راهێنەری ریال مەدرید دەستنیشانکرا، تاوەکوو ئێستا 12 یاریی مێرەنگی بەڕێوەبردووە و لە چوار یارییدا شکستیهێناوە، لەنێویاندا شکست بەرامبەر ئالباسێتێ و کرانەدەرەوەی لە جامی شای ئیسپانیا.
لە سەرەتای دەستبەکاربوونی ئاربێلوا کەشی ژووری جلگۆڕینی یانەکە ئارامی زۆری بەخۆیەوە بینی و گرژییەکانی سەردەمی ئاڵۆنسۆ کاڵبوونەوە، بەڵام دواتر دۆخەکان پێچەوانەبوونەوە و چەند یاریزانێک لە ماوەی رابردوو ناڕەزایی خۆیان لە بڕیارەکانی راهێنەرە ئیسپانییەکە دەربڕی. کەسە نزیکەکانی ئاربێلوا پێیان وایە چیدیکە یاریزانانی یانەکە پاڵپشتی ئاربێلوا ناکەن. ئاتلێتیک لە زاری سەرچاوەکانی نێو یانەکە زانیوویەتی، لە ئەگەری بەردەوامی ئەنجامە خراپەکان پۆستەکەی ئاربێلوا دەکەوێتە مەترسییەوە و ئەگەری دوورخستنەوەی لەسەر دەبێت، یاریی داهاتوو بەرامبەر مانچێستەر سیتی لە چامپیۆنزلیگ رۆڵی یەکلاییکەرەوەی لەسەر داهاتووی راهێنەرەکە دەبێت.

پێرێز دەستلەکاردەکێشێتەوە؟
یانەی شاهانە وەرزی رابردوو بە دەستی بەتاڵ و بێ نازناو کۆتایی بە وەرزەکەی هێنا، ئەم وەرزەش جامی شای لەدەستداوە، لە لالیگاش پلەی دووەمی ریزبەندی گرتووە، ئەمەش نیگەرانی لای هاندەرانی ریال مەدرید دروستکردووە و داوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکە 79 ساڵانییەکەیان دەکەن. پێرێز لە ساڵی 2006 دەستی لە پۆستی سەرۆکایەتی یانەکە کێشایەوە، بەڵام دواتر لە ساڵی 2009 دووبارە بووەوە سەرۆک، بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕە ئەمریکییەکە، قرشە سپییەکە نیازی وازهێنانی نییە و دەیەوێت لە ئەرکەکەی بەردەوام بێت.
سەرچاوەکانی نێوان یانەکە بە ئاتلێتیکیان راگەیاندووە، ریال مەدرید پلانی بۆ گۆڕینی شێواز و پێکهاتەی خاوەندارێتی یانەکە دانابوو بەڵام ئێستا بیرۆکەکە راگیراوە، کە بریتیبوو لە بەشداریپێکردنی وەبەرهێنانی دەرەکی بۆ کڕینی پشک لە یانەکە.

هۆکاری خراپی ریال مەدرید چی بوو؟
گەورەترین کێشەی ریال مەدرید نەبوونی توانای داهێنان بوو، نەیانتوانی هێڵی بەرگریی خیتافی تێکبشکێنن و یانەکە هیچ بۆشاییەکی بۆ هێرشبەرەکانی لۆس بلانکۆس جێنەهێشت.
لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی دوای یارییەکەش ئاربێلوا دانی بەوە دانا کێشەی یانەکە لە هێڵی هێرشبەری بووە.
زۆربەی هێرشەکانمان لە رێی ڤینیسیۆس جونیۆرە، لەبری ئەوەی هەموو پاسەکانیان بدەین بە ڤینیسیۆس، پێویستە لە هەردوولا هێرش بکەین و بەرگریی بەرامبەر تێکبشکێنین، پێویستە ئەوە راستبکەینەوە و باشتر بین.


دەکرێت ئەم هەفتەیە چی دیکەمان لەدەستچووبیت؟
ئاربێلوا یارییەکی چارەنووسسازی لەبەردەمە و دوای تەنیا سێ رۆژی دیکە بەبێ ئامادەبوونی ئالڤارۆ کارێراس و دین هاوسن [بەهۆی وەرگرتنی پێنجەم کارتی زەرد] دەبێتە میوانی سێڵتا ڤیگۆ، هەروەها فرانکۆ ماستانتونۆ بەهۆی وەرگرتنی کارتی سوور بەشداریی ناکات، بەگوێرەی یاساکانی لالیگا رەنگە دوو بۆ سێ یاریی رابگیرێت.



