
یاریگا –
رۆژنامەكانی ئیسپانیا سزایەكی توندیان بەسەر وەرزی ئەمساڵی ریال مەدریددا دا و کۆتاییهاتنی ئومێدەکانی یانە شاهانەکەیان بۆ کێبڕکێ لەسەر نازناوی ئەم وەرزەی لالیگای ئیسپانیا راگەیاند، سەرەڕای ئەوەی تەنیا چوار خاڵ لە دواوەی بارسێلۆنای پێشەنگن و دوازدە گەڕیش بۆ کۆتایی خولەکە ماوە.
شەوی رابردوو ریال مەدرید لە یاریگای خۆیدا میوانداری خێتافێ كرد و یارییەكەش بە بردنەوەی یانەی میوان بە گۆڵێكی بێ وەڵام كۆتاییهات.
بەپێی ئەو رایەی لە ناوەندە رۆژنامەوانییەکانی مەدریددا باڵادەستە، تیپەکە توانای وەرگرتنەوەی تەختی پاشایەتییەکەی لەدەستداوە.
شکستێکی دیکە
رۆژنامەی ماركا دۆخی ئێستای ریال مەدریدی بە “شکستێکی دیکە” وەسف کرد، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمە دووەم شکستی یەک لەدوای یەکی یانەكەیە لە لالیگا دوای دۆڕانیان لە یاریگای ئۆساسۆنا کە ئەمەش نۆ رۆژ دوای دۆڕانەکەیان بەرامبەر خیتافی هات.
رۆژنامەكە لە وتارە سەرەکییەکەیدا جەختی کردەوە کە دوو شکستی یەک لەدوای یەک کۆتایی بە هەر کێبڕکێکارێکی نازناوەکە دەهێنێت، هەروەها نووسیویەتی: “دواکەوتن بە چوار خاڵ لە پێشەنگەوە لە مانگی ئازاردا شتێکی یەکلاکەرەوە نییە، بەڵام هەست و دەروونی یاریزانەکان گرنگی خۆی هەیە.
مارکا روونی کردەوە کە کێشەکە تەنیا رۆژێکی خراپ یان هەڵەیەكی تەکتیکی نییە، بەڵکو هەستێکی نەرێنییە کە هەموو هەفتەیەک دووبارە دەبێتەوە، یانەكە تۆپی پێیەک پێشکەش ناکات کە شایەنی ئەو ناوە بێت. ئەم ریالە کارتێکی وای بەدەستەوە نەماوە، نەیتوانی بەسەر خیتافیدا سەربکەوێت، هەروەک چۆن هەفتەی رابردووش نەیتوانی لە ئۆساسۆنا بباتەوە.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکرد کە هاندەران زیاتر لەوەی توڕە بن، بێزار و ماندوون، بێرنابیۆ چیتر بەو دەستەواژە باوەی ئاربێلوا ناخەڵەتێت کە دوای شکستەکان دەڵێت: شایەنی ئەنجامێکی باشتر بووین.
داهاتووی ئاربێلوا لە مەترسیدایە و ژووری جلگۆڕینیش پشێوی تێدایە
📰 ¡Ya está aquí la #PortadAS del martes, 3 de marzo!
😡 ESTE MADRID NO DA PARA MÁS pic.twitter.com/fX5j7fqtgw
— Diario AS (@diarioas) March 2, 2026
رۆژنامەی ئاس ـی مەدریدی ئاماژەی بەوە کرد کە ئالڤارۆ ئاربێلۆی راهێنەر، کە لە مانگی یەکدا وەکو شوێنگرەوەی چابی ئاڵۆنسۆ دەستنیشانکرا، رەنگە بەم زووانە باجەکەی بدات. رۆژنامەنووسێکی ئەو رۆژنامەیە دووپاتیکردەوە، کاریگەریی ئاربێلۆ کۆتاییهات و ئەو جۆش و خرۆشەی سەرەتا دروستی کردبوو نەما.
پێشبینییەکانی ئێستا ئاماژە بۆ رێگایەکی زۆر سەخت لە هەموو روویەکەوە دەكەن. تەنیا هەلی ئەو بۆ مانەوە لە خولی پاڵەوانەکانی ئەوروپادایە. ئەو شێوازەی ریال مەدرید 20 خولەکی کۆتایی یارییەکەی خیتافی پێ بەڕێ کرد، زۆر شت دەربارەی راهێنەر و یاریزانەکان دەڵێت، نە جوانییەک لە یارییەکەدا مابوو، نە حەماسەت، تەنها شەق لێدان و کارتی زەرد و سوور و ناڕەزایەتی بێسوود و هەڵەی پێکەنیناوی بوو.
ریال مەدرید بە كۆكردنەوەی 60 خاڵ لە ریزبەندی دووەمی لالیگا دێت و بە جیاوازی چوار خاڵ لە دوای بارسێلۆنای پێشەنگەوەیە.



