
یاریگا –
نەورۆز لە نێو یاریگای دهۆک یەکێک لە گرینگترین سەرکەوتنەکانی ئەم وەرزەی بەدەستهێنا، وەلی کەریمی راهێنەریش دەڵێت ئێمە ئەمڕۆ بەختمان هەبوو.
لە یەکەم یاریی قۆناخی دووەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، نەورۆز لە دەرەوەی یاریگای خۆی بە ئەنجامی 2 _ 1 لە دهۆکی بردەوە، دووەم سەرکەوتنی بەدوای یەکە نەورۆز بە دەستی دەهێنێت دوای سەرکەوتنەکەیان لە گەڕی رابردوو بەرامبەر نەجەف.
نەورۆز بە بارودۆخێکی باشدا تێپەڕ دەبێت و لە کۆتا پێنج یاریی چوار سەرکەوتن و شکستێکی هەیە، وەلی کەریمی راهێنەریش هۆکاری سەرکەوتنەکەیان بەرامبەر دهۆک ئاشکرا دەکات:
دهۆک تیپێکی زۆر قورسە تایبەت لە نێو یاریگای خۆی، چونکە هاندەرێکی زۆر پاڵپشتی دەکەن، ئەو ئەرکەی بە یاریزانەکانمدا زۆر بەباشی جێبەجێیان کرد، ئێمە ئەمڕۆ بە بەخت بووین چونکە لە یەکێک لە گرینگترین یارییەکان یاریزانەکانم لە رۆژی خۆیاندا بوون، پیرۆزە هاندەران و سەرجەم یاریزانەکان، هیوادارم لە داهاتوو دهۆک ئەنجامەکانی باشتر بێت.
دەربارەی ئامانجی ئێستای تیپەکە دوای سەرکەوتنە یەک لە دوای یەکەکانیان، وەلی کەریم گووتی:
ئامانجی سەرەتامان تەنها مانەوەبوو لە خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، بەڵام ئێستا هەوڵدەدەین کێبڕکی ریزبەندی نۆیەم یاخود هەشتەم بکەین، ئەوەش بۆ ئێمە زۆر باش دەبێت.
بەم سەرکەوتنە سوور پۆشەکانی سلێمانی کۆی خاڵەکانیان گەیاندە 25 خاڵ و لە ریزبەندی 12ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دێن، گەڕی داهاتووش لە سلێمانی و لە یارییەکی دیکەی بەهێزدا رووبەڕووی زەوڕا دەبێتەوە.



