
یاریگا –
کیلیان ئێمباپێ کارەکانی ستافی پزیشکی ریال مەدریدی بەدڵ نییە و بڕیار دەدات خۆی سەرپەرشتی پڕۆسەی چاکبوونەوەی لە پێکانەکەی بکات.
رۆژنامەی سپۆرت بڵاویکردووەتەوە، ئێمباپێ لە مامەڵەی ستافی پزیشکی یانەکەی لە پێکانی ئەژنۆیدا رازی نییە و دەیەوێت ئەم جارە کۆنتڕۆڵی پڕۆسەی چاکبوونەوەی لە دەستی خۆیدا بێت.
سەرەڕای پەیڕەوکردنی رێنماییەکانی ستافی پزیشکی یانەکە دۆخی کیلیان باشتر نەبووە و چەندین مانگ بە ئازارەوە یاریی بۆ ریال مەدرید کردووە. بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، ئێمباپێ هەست دەکات ئاستی زۆر دابەزیوە و دۆخی پێکانەشی بەردەوام بەرەو خراپتری رۆیشتووە، ئەمەش نیگەرانی گەورەی لای یاریزانەکە دروستکردووە.

ئەستێرە فەڕەنسییەکە ئێستا بەهۆی پێکان لە یاریکردن دابڕاوە، بەڵام ماوەی دوورکەوتنەوەکەی ئاشکرانەکراوە.
هاوکات، دوێنێ لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یاریی یانەکەی بەرامبەر خیتافی، ئالڤارۆ ئاربێلوا، راهێنەری ریال مەدرید رایگەیاند بەگوێرەی باشبوونی دۆخی یاریزانەکە بڕیار دەدەن و دەیانەوێت تەواو لە پێکانەکەی چاکببێتەوە ئینجا بگەڕێتەوە بۆ نێو لاکێشەی سەوز.
سەرچاوە کاتالوونییەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، هەرچەندە ریال مەدرید و ستافی راهێنەران ئارەزوو دەکەن کیلیان بۆ یارییەکەی بەرامبەر مانچێستەر سیتی لە قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ ئامادەبێت، بەڵام رێز لە بڕیاری یاریزانەکە دەگرن چونکە دەیانەوێت یاریزانەکە تەواوەتی ئامادەی یاریکردن بێت نەوەک تەنیا بۆ چەند یارییەک بگەڕێتەوە و تووشی پێکان ببێتەوە.



