جۆزێ مۆرینیۆ باس لە داهاتووی جیانولکا پرێستیانی لەگەڵ بێنفیکا دەکات
"وەکوو جاران سەیری ناکەمەوە"

یاریگا –
جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری بێنفیکا جارێکی دیکە بۆچوونی خۆی لەسەر رووداوەکەی نێوان جیانولکا پرێستیانی و ڤینیسیۆس جونیۆر دەخاتەڕوو و هەڵوێستی خۆی لە ئەگەری ساغبوونەوەی تۆمەتەکانی سەر یاریزانەکە ئاشکرا دەکات.
مۆرینیۆ لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یاریی یانەکەی بەرامبەر جیل ڤیسێنتێ لە خولی نایابی پۆرتوگال باسی لە بەردەوامی لێکۆڵینەوەکانی تۆمەتەکەی سەر پرێستیانی کرد و رایگەیاند پێویستە بڕیار لەسەر یاریزانەکە نەدرێت تاوەکوو لێکۆڵینەوەکان بە تەواوەتی کۆتاییان دێت، بەڵام هۆشداریشیدایە یاریزانەکەی ئەگەر دەربکەوێت تاوانبارە، لە بێنفیکا دەردەکرێت.
ئەگەر یاریزانەکەم رێزی لە یاساکان نەگرتبێت، کە هی من و بێنفیکان، کاروانی وەرزشی یاریزانەکە لەگەڵ راهێنەرێک بە ناوی جۆزێ مۆرینیۆ لە یانەیەک بە ناوی بێنفیکا کۆتایی دێت.
ئەگەر دەربکەوێت پرێستیانی تاوانبارە، هەرگیز وەکوو جاران سەیری ناکەمەوە و هەموو شتێکی لەگەڵ من کۆتایی دێت.
هاوکات، ئەمرۆ تۆڕی سکای سپۆرتس بڵاویکردەوە، ئەگەر تۆمەتەکەی سەر جیانولکا پرێستیانی ساغببێتەوە، جۆزێ مۆرینیۆ سوورە لەسەر ئەوەی یاریزانەکە لە بێنفیکا دەربکرێت.
Jose Mourinho insists Gianluca Prestianni will have no future at Benfica if he is found guilty of using a racial insult towards Real Madrid’s Vinicius Jr. pic.twitter.com/sNb4J7jE64
— Sky Sports News (@SkySportsNews) March 2, 2026
ئەم قسانەی راهێنەرە پۆرتوگالییەکە لە کاتێکدایە پێشتر بەرگریی لە پرێستیانی کرد و ڤینیسیۆسی بە هۆکاری کێشەکان ناوبرد و گوتی، ئاهەنگێڕانی یاریزانەکە هاندەر و یاریزانانی بێنفیکای تووڕەکردووە و ئەم رووداوەش کاردانەوەی رەفتارەکانی ڤینیسیۆسە.



