گەڕمە راهێنەرە ئیسپانیەکەی دوور دەخاتەوە و راهێنەرێکی عێڕاقی شوێنی دەگرێتەوە
گفتوگۆ لەگەڵ راهێنەری پێشووی زەوڕا کراوە

یاریگا –
گەڕمە راهێنەرە ئیسپانیەکەی لە چەند کاتژمێری داهاتوو دوور دەخاتەوە و لەگەڵ راهێنەرێکی پێشووی زەوڕا لە گفتوگۆدایە.
دوای شکستەکەیان بەرامبەر مینا لە گەڕی 20ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، کارگێڕی گەڕمە بیر لە گۆڕینی سانتی کازۆلا راهێنەری ئیسپانی تیپەکەی دەکاتەوە، بە هۆی ئەوەی گەڕمە ئەم وەرزە پارەیەکی زۆری لە هێنانی یاریزانان خەرجکردووە بە مەبەستی بە دەستهێنانی ئەنجامی باش، بۆیە بەدوای راهێنەری سێیەم دەگەڕێن کە لەم وەرزە بیکەنە راهێنەری تیپەکە.
سانتی کازۆلا، 12 یاریی سەرپەرشتی گەڕمەی کرد، شەش سەرکەوتن و دوو شکست و چوار یەکسان بوونی هەبوو، راهێنەرە ئیسپانیەکە لە گەڕی هەشتەمەوە ئەرکی راهێنەرایەتی تیپەکەی لە شوێنی ئەحمەد خەلەف وەرگرتبوو کە ئەویش بە هۆی ئەنجامی خراپ تەنها هەشت گەڕ راهێنەرایەتی گەڕمەی کرد و دواتر دوورخرایەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، عیسام حەمەد، نزیکترین کەسە بۆ ئەوەی ئەرکی راهێنەرایەتی گەڕمە وەربگرێت کە وەرزی رابردوو راهێنەرایەتی زەوڕای کرد، لە چەند کاتژمێری داهاتووش بەرپرسانی یانەکە ئەم بابەتە یەکلایی دەکەنەوە.
گەڕمە لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق لە کۆی 20 یاریی 38 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی سێیەمی خولەکە دێت، لە گەڕی داهاتووش لە یاریگای خۆی میوانداری هەولێر دەکات.



