رانیە یەکەم سەرکەوتنی لە مێژووی خولی نایابی کوردستان بەرامبەر چوارقوڕنە بەدەستهێنا
ئاکرێ لە کێبڕکێی نازناوەکە دوورکەوتەوە

یاریگا –
یانەی رانیە یەکەم سەرکەوتنی لە مێژووی خولی نایابی کوردستان بەرامبەر چوارقوڕنە بەدەستهێنا و ئاکرێش دوای یەکسان بوونی، لە کێبڕکێی نازناوەکە دوورکەوتەوە.
لە گەڕی 17ـی خولی نایابی کوردستان، لە دێڕبی راپەرین رانیه میوانداری چوارقوڕنەی کرد، رانیە یارییەکەی بە ئەنجامی 2 _ 1 لە بەرژەوەندی خۆی کۆتایی پێهێنا، یەکەم سەرکەوتن بوو لە مێژووی خولی نایابی کوردستان رانیە بەرامبەر چوارقوڕنە بەدەستی بهێنێت.
رانیە و چوارقوڕنە لە مێژوودا لە خولی نایابی کوردستان پێنج یاریی فەرمیان بەرامبەر یەکتر کردبوو، چوارقوڕنە سەرکەوتنێکی هەیە و لە چوار یارییشدا یەکسان بوونە، رانیە بە 25 خاڵ هاتە ریزبەندی چوارەم و چوارقوڕنەش بە 21 خاڵ لە ریزبەندی شەشەم مایەوە.
ئاکرێ دوای یەکسان بوونی لە یاریگای خۆی بەبێ گۆڵ لەگەڵ سیروانی نوێ لە کێبڕکێی نازناوەکە تاڕادەیەک دوورکەوتەوە، ئاکرێ بە 29 خاڵ و بە شێوەی کاتی لە ریزبەندی دووەم مایەوە، سیروانی نوێش بە 24 خاڵ لە ریزبەندی پێنجەمی خولەکە دێت.
قەڵادزێ و پێشمەرگەی هەولێر لە یاریگای سەنگەسەر بە ئەنجامی 1 _ 1 یەکسان بوون، هەر دوو یانە لە هەوڵی خۆ دەربازکردنن لە دابەزین و دەیانەوێت لە خولی نایاب بمێننەوە، پێشمەرگەی هەولێر بە 20 خاڵ و بە کاتی لە ریزبەندی حەفتەم دێت، قەڵادزێش بە 18 خاڵ لە ریزبەندی نۆیەمی خولی نایابی کوردستان دێت.



