ئینگلتەرادارایی وەرزشیراپۆرتی تایبەتگرنگترین

مانچێستەر یونایتد قازانجێکی زۆری دارایی دەکات

Yariga App

یاریگا –

مانچێستەر یونایتد لە راپۆرتەکانی بەپێچەوانەی ساڵی رابردوو ئاماژەی بە قازانجێکی زۆر دەکات.

مانچێستەر یونایتد بەگوێرەی راپۆرتەکانی لە 6 مانگی یەکەمی ئەم وەرزە 32.6 ملیۆن پاوەندی قازانج کردووە. ساڵی رابردوو لە هەمان ماوەدا 3.9 ملیۆن پاوەند زیانی کردبوو.

ئەم پێشکەوتنە زۆرینەی بەهۆی ئەو بڕینە زۆرەی خەریجییەکانە کە هاوسەرۆکی یانەکە، سێر جیم راتکلیف بریاری لەسەرداوە. لە ماوەی 18 مانگی رابردوو یانەکە ژمارەی ئەندامانی ستافەکەی لە زیاتر لە 1100 کەسەوە بۆ 700 کەس کەمکردەوە، کە دەکاتە بڕینی نزیکەی سێ یەکی بەشی هێزی کاری لە یانەکە.

عومەر بەڕادە، یەکێک لە جێگرانی سەرۆکایەتی یانەکە رایگەیاند: “ئێستا یانەکە کاریگەری ئەرێنیی دارایی لەم گۆڕانکاریانە دەبینێت”.

سەرەڕای ئەم قازانخە، بەڵام هێشتا قەرزی گشتی مانچێستەر یونایتد بۆ 1.286 ملیار پاوەند بەرزبووەتەوە، کە 481.3 ملیۆن پاوەند قەرزی ئەو کاتەیە کە خێزانی گلایزەر لە 2005 یانەکەیان پێکڕی. 295.7 ملیۆن پاوەند قەرزی کورتخایەن و مامناوەند بۆ کڕینی یاریزانی نوێ و خەرجییەکانی دیکەی، هەروەها 509.4 ملیۆن پاوەندی دیکە کە پارەی ئەو گرێبەستانەیە هێشتا نەیانداوە لەگەڵ ئەو شایستە داراییانەی دیکە کە دەبێت بیدەن بە یاریزانەکان.

بەهۆی ئەم قەرزەوە گەڕانەوە بۆ چامپیۆنزلیگ و زیادکردنی داهات بۆ یانەکە زۆر گرنگە. مایکڵ کاریکی راهێنەر ئێستا یانەکەی بردووەتە ریزبەندی چوارەمی پرێمەرلیگ، تەنیا 3 خال لەدوای ئاستۆن ڤێلای سێیەمەوەیە.

بەهۆی ئەوەی یانەکە لە خولە ئەوروپییەکان یاریی ناکات و لە قۆناخەکانی سەرەتای جامەکانی وڵاتەکە کرایە دەرەوە، هەروەها داهاتی ریکلامەکانی کەمی کردووە، بەراورد بە ساڵی رابردوو داهاتی یانەکە 11.1 ملیۆن پاوەند کەمی کردووە. مانچێستەر یونایتد پێشبینی دەکات داهاتی ئەم وەرزە 640 بۆ 660 ملیۆن پاوەند بێت. یانەکە بەدوای سپۆنسەرێکی نوێش بۆ درێسی راهێنانەکان دەگەڕێت، دوای ئەوەی گرێبەستە 24 ملیۆن پاوەندییەکەی لەگەڵ تێزۆس لە هاوینی رابردوو کۆتایی هات.

شەیتانەسوورەکان ئەم وەرزە تەنیا 40 یاریی دەکەن، کەمترین رێژەی یارییە لەوەتەی وەرزی 1914-1915. ئەم وەرزە دوای 6 مانگی یەکەم تەنیا 20 یارییان کردووە، کە وەرزی رابردوو 28 یاری بوو. مووچەی ساڵانەی یاریزانە لە دوایین چارەک 7.4 ملیۆن پاوەند بەهۆی بڕینی مووچەی ستاف و مووچەی کەمتری یاریزانەکان بەهۆی نەگەیشتن بە چامپیۆنزلیگ کەمیکردووە.

بەڵام ئەگەر مانچێستەر یونایتد سەرکەوێت بۆ چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو، مووچەی ساڵانەی یاریزانەکان بە رێژەی 25% زیاد دەکات.

جیم راتکلیف بەهۆی لابردنی کارمەندان و لێدوانە سیاسییەکانی ئەم دواییانە رووبەڕووی رەخنە بووەتەوە، بەڵام ئەنجامە داراییەکانی یانەکە نیشانی دەدەن کە ستراتیژییەتی یانەکە خەریکە قازانجی یانەکە بەرەوپێش دەبات.

بابەتی زیاتر

Back to top button