
یاریگا –
زاخۆ بۆ یارییەکەی غەڕاف لە توانای پێنج یاریزانی بێبەش دەبێت و راهێنەری تیپەکەش ستایشی ئاستی غەڕاف دەکات لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق.
لە گەڕی 20ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، پێنج شەممە ( 26ـی شووباتی 2026 ) کاتژمێر 9:30ـی شەو زاخۆ لە یاریگای خۆی رووبەڕووی غەڕاف دەبێتەوە، ئەم پێش خراوە بەهۆی یاریی زاخۆ و شەبابی سعودی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو کە بڕیارە لە 3ـی مانگی داهاتوو لە سعودیە بکرێت.
بۆ ئەم یارییە زاخۆ لە توانای پێنج یاریزانی بێبەش دەبێت، هەریەک لە عیماد عیسای گۆڵپارێز، محەمەد عەلی عەبود، حەمید عەلی، مەهدی کامل لەگەڵ حەسەن رائد بە هۆی پێکانەوە ناتوانن بەشداری یارییەکە بکەن.
ئەیوب ئۆدیشۆ، راهێنەری زاخۆ ستایشی ئاستی غەڕاف دەکات لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، دەربارەی ئامادەکاری تیپەکەش بۆ یارییەکە گووتی:
ئەم یارییە رووبەڕووی تیپێکی بەهێز دەبینەوە، غەڕاف ئەسپی رەشی ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێڕاقە، یاریی نەکردنی چەند یاریزانێکمان کاریگەری درووستدەکات، بەڵام یەدەگەکان دەتوانن قەرەبووی ئەم یاریزانانە بکەنەوە، لەسەر رێگایەکی راستین و یاریی دوای یاریی ئاستی تیپەکە باش دەبێت، پێویستمان بە پاڵپشتی هاندەرانە و هۆکاری سەرەکین بۆ ئەوەی یاریزانەکان باشترین ئاست پێشکەش بکەن.
زاخۆ بە 33 خاڵ لە ریزبەندی شەشەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دێت، دوای یارییەکەی شەبابی سعودی لە یاریی چوونی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو، یاریی بەرامبەر موسڵیش کە بڕیاربوو لە حەفتی مانگی داهاتوو بکرێت دوادەخرێت بە هۆی یاریی گەڕانەوەی بەرامبەر شەباب کە بڕیارە لە 10ـی مانگی داهاتوو لە یاریگای زاخۆ بەڕێوەبچێت.



