تێچووی بینینی یارییەکەی مێسی و یامال لە دەوحە چەندە؟
نرخی بلیتی یاریی فینالیسیما ئاشکرا کرا

یاریگا –
لە مانگی ئازاردا قەتەر میوانداری چەندین یاری بەهێز و سەرنجڕاکێش دەکات، لەوانەش رووبەڕووبوونەوەی ئەرجەنتین و ئیسپانیا.
بڕیارە لە 27ی ئازار، قەتەر میوانداری یاری “فینالیسیما” لەنێوان ئەرجەنتین و ئیسپانیا بکات، کە یارییەکە لە چوارچێوەی فێستیڤاڵی تۆپی پێی قەتەر بەڕێوەدەچێت، کە فێستیڤالی یارییە وەرزشییەکانە.
ئەرجەنتین وەک پاڵەوانی کۆپا ئەمریکای 2024، ئیسپانیاش وەکوو پاڵەوانی یۆرۆی 2024، لەو یارییە رووبەڕووی یەک دەبنەوە و بۆیەکمجار بینەری کێبڕکێی نێوان لیۆنێل مێسی و لامین یامال دەبین بەمەش یارییەکە دەبێتە یارییەکی سەرنجڕاکێش بۆ هاندەرانی تۆپی پێ.
بلیتی یارییەکە ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی شوبات کاتژمێر 9ی شەو بە شێوەی ئۆنلاین دەخرێتە بازاڕەوە، هەروەها بلیتی یارییە دۆستانەکانی دیکەی نێوان هەڵبژاردەکان لە هەمان کاتدا دەخرێتە بازاڕەوە، لەوانە میسر و سعودیە، میسر و ئیسپانیا، سعودیە و سربیا، قەتەر و ئەرجەنتین، قەتەر و سربیا.
لیژنەی رێکخەری فێستیڤاڵی تۆپی پێی قەتەر نرخی بلیتی سەرجەم یارییەکانی راگەیاند کە لە نێوان 26 بۆ 31ی ئازار بەڕیوەدەچێت، هاندەرانی تۆپی پێ لە سەرانسەری جیهان دەتوانن لە رێگەی ماڵپەڕی فەرمی چالاکییەکەوە بلیت بکڕن.

بلیتی یارییە گرنگەکەی ئەرجەنتین و ئیسپانیا بە سێ بەشی نرخ بەردەست دەبێت، لەگەڵ داشکاندنی تایبەت بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، نرخەکان بەم شێوەیە دەبێت:
ئاستی یەکەم: 330 دۆلار
ئاستی دووەم: 172 دۆلار
ئاستی سێیەم: 55 دۆلار
خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان: 55 دۆلار
لە یارییە دۆستانەکاندا، نرخی بلیتەکان جیاواز دەبێت؛ نرخی بلیتی یاریی نێوان میسر و سعودیە لە نێوان 11 بۆ 110 دۆلار دەبێت. نرخی بلیتی یارییەکەی قەتەر و سربیا، هەروەها یاریی نێوان میسر و ئیسپانیا و یاری ئەرجەنتین و قەتەریش لە نێوان ئەو نرخانەوەیە.
لە میانی فێستیڤاڵی تۆپی پێی قەتەردا، هاندەران جگە لە یارییەکان چێژ لە چەندین بەرنامەی کات بەسەربردن و چالاکییە لاوەکییەکان وەردەگرن؛ بابەتێک کە گرنگی ئەم رووداوە زیاتر دەکات.



