ئیسپانیاگرنگترین

مێسی وەڵامی نەدامەوە؛ خوان لاپۆرتا هەموو شتێک لەسەر گەڕانەوەی مێسی ئاشکرا دەکات

"هەفتەیەک... دوو هەفتە و مانگێک تێپەڕی بەڵام..."

Yariga App

یاریگا –

دوێنی سێشەممە، 23ـی کانوونی دووەمی 2026، خوان لاپۆرتا کتێبەکەی خۆی بە ناونیشانی ‘بەم جۆرە بارسامان رزگارکرد‘ بڵاوکردەوە، کە تێیدا باس لە رووداوەکانی پێنج ساڵی سەرۆکایەتییەکەی دەکات، ئەو ماوەیەی کە بارسێلۆنا کەوتە نێو گێژاوێکی ئابووری.

رۆژنامەی مارکا بەشێک لە ناوەڕۆکی کتێبەکەی بڵاوکردووەتەوە و لەم بابەتەی تۆڕی یاریگا بۆتان دەخەینەڕوو.

کتێبی ‘بەم جۆرە بارسامان رزگارکرد’ – لە نووسینی خوان لاپۆرتا

رۆیشتنی مێسی

نوێکردنەوەی گرێبەستی لیۆنێل مێسی یەکێک لە ئاڵۆزترین کێشەکانی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی لاپۆرتا بوو و لە کتێبەکەیدا نهێنییەکانی ئەو بابەتە ئاشکرا دەکات.

لاپۆرتا دەڵێت، باوکی مێسی ئامادەی دانوستان بوو، بەڵام کەسانی دیکەی دەوری یاریزانەکە نەرمونیان نەبوون، ئێمە پێشنیازێکی شێتانەمان خستەڕوو؛ گرێبەستێکی دوو قۆناخیمان خستە بەردەم مێسی، یەکەم؛ مێسی لە یاریکردن بۆ بارسێلۆنا بەردەوام دەبێت و دواتر بە خواستن دەچێتە یانەیەکی خولی ئەمریکی.

بۆ ئەوەی ئەم پلانە سەبگرێت، بارسێلۆنا دەبوو بەشێک لە مافی تەلەڤیزیۆنی بۆ ماوەی 50 ساڵ لە رێگەی سندووقی CVCـەوە بفرۆشێت.

لە کتێبەکەتدا لاپۆرتا ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەدوای رۆیشتنی مێسی لە پاریس دەرفەتێکی دیکە بۆ گەڕانەوەی هەبوو، بارسا گرێبەستێکی ئامادەکرد بەڵام مێسی وەڵامی نەداوەتەوە.

باوکی مێسی هاتە ماڵەکەم، من گرێبەستێکم ئامادەکرد، درافتێکم بۆ نارد بەڵام وەڵامی نەدایەوە.

هەفتەیەک و دوو هەفتە تێپەڕی، مانگێک تێپەڕی، لە کۆتاییدا هاتە ماڵەکەم و پێی گوتم بڕیاریانداوە پەیوەندی بە ئینتەر مەیامی بکەن، لەوێ فشاری کەمتریان لەسەر دەبێت.

دەرکردنی رۆناڵد کومان

لاپۆرتا کومانی دەرکرد، راهێنەرە هۆڵەندییەکە بە دڵی سەرۆکەکەی ئەوکاتی بارسا نەبوو.  لە کتێبەکەدا لاپۆرتا نووسیەتی، کومان لەگەڵ بریکارەکەی هات بۆ لام پێی گوتم؛ من راهێنەری تۆم؟

پێم گوت؛ رۆناڵد، تۆ لای من ئەفسانەیت، بەڵام راهێنەری من نیت.

دۆسیەی نێگێیرا

لاپۆرتا بەرگری لە یانەکەی دەکات و رەخنەی توند لە ریال مەدرید دەگرێت و سەرجەم تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە و دەڵێت، داوا لە هەموو ئەوانە دەکەم کە بارسا بە گەندەڵی ناوبژیوانی تۆمەتبار دەکات، هەر یارییەک، هەر گۆڵێک، بخنەڕوو کە تێیدا لەژێر کاریگەریی بڕیاری لەسەر درابێت.

بۆ ماوەی 70 ساڵ، ئەندامان، یاریزانان و راهێنەرانی پێشووی ریال مەدرید خۆیان ناوبژیوانەکانیان دەستنیشان دەکرد، هیچ گومانم لەوە نییە، ئەوە گەورەترین ئابڕووچوونی مێژووی تۆپی پێی ئیسپانیایە.

سوپەرلیگ

لاپۆرتا سەرەتا پاڵپشتی سوپەرلیگی کرد، بەڵام دواتر پڕۆژەکەی جێهێشت.

سەرەتا لێی تێنەگەیشتم، دواتر بۆم دەرکەوت دەتوانین 700 ملیۆن یۆرۆ داهات لە رێی پرۆژەکە بەدەستبهێنین، بەڵام بارسا هەمیشە بەدوای لێکتێگەیشتن لەگەڵ بەرزترین رێکخراوەکانی تۆپی پێ و دۆزینەوەی باشترین چارەسەر بۆ یانەکە دەگەڕێت.

رۆیشتنی چاڤی هێرناندێز

لاپۆرتا سەبارەت بە رۆیشرتنی چاڤی هێرناندێز دەڵێت، سەرەتا بڕیار بوو لەگەڵمان بەردەوام بێت بەڵام دواتر لێدوانەکانی راهێنەرە ئیسپانییەکە هەموو شتێکی گۆڕی.

چاڤی کاتێک هات وتی توانای سەرکەوتنی لەگەڵ تیمەکەدا هەیە و دەتوانێت بارسێلۆنا بکاتە پاڵەوان، لێم پرسی، چاڤی متمانەت بەو تیمە هەیە؟ لە وەڵامدا گوتی بەڵێ لە 100%، بەلام دوای ماوەیەک لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند پێویستمان بە دوو ساڵە تاوەکوو بتوانین رکابەری نازناوەکان بکەین، بە دیکۆم گوت ئەوە چاڤی چی دەڵێت، وتی ئەو بەنیازی گۆڕینی 10 یاریزانە لە تیمی یەکەم، منیش گوتم کەواتە چاڤی راستی نەکرد کە وتی 100% متمانەم بە تیمەکە هەیە، بانگم کرد و پێم گوت پێویستە بڕیارێک بدرێت، ئەوە بوو بڕیار درا دووربخرێتەوە، راستە بڕیارێکی خەمناک بوو، بەڵام بڕیارێکی پێویست بوو.

بابەتی زیاتر

Back to top button