ئیسپانیاراپۆرتی تایبەتگرنگترین

ناوماڵی ریال مەدرید؛ مێرەنگی هەفتەیەکی ئاڵۆز بەڕێدەکات

لە ریال مەدرید چ باسە؟

Yariga App

یاریگا – ئاتلێتیک

بەخێربێن بۆ زنجیرەی ئەم هەفتەیەی ‘ناوماڵی ریال مەدرید‘ کە زنجیرەیەکی هەفتانەیە و تۆڕی یاریگا و ئاتلێتیک بە درێژایی وەرزی 2025/2026 پێشکەشتانی دەکەن.

هەموو هەفتەیەک زانیاریی ورد، شیکاریی سەرەکی و گرنگترین زانیارییەکانی ناو یانەی ریال مەدرید پێشکەشی هاندەرانی مێرێنگی دەکەین.

ئەم زانیارییانە رەنگدانەوەی چەندین گفتوگۆیە لەگەڵ سەرچاوە جیاوازەکانی ریال مەدرید و زانیارییەکان تەواو متمانەپێکراون.
زۆرترین قسە و باسی ئێستای ریال مەدرید چییە؟

ریال مەدرید بە هەفتەیەکی نائارام تێدەپەڕێت، دوای شکستە چاوەڕواننەکراوەکەی بەرامبەر ئۆساسونا لە لالیگا، پێشەنگی ریزبەندی خولەکەی لە بەرژەوەندی بارسێلۆنا لەدەستدا و جارێکی دیکە هوتافی رەگەزپەرستی بەرامبەر ڤینسیسیۆس جونیۆر گوترا. لەدوای یارییەکەش لالیگا پەڕاوێکی لێکۆڵینەوەی لەسەر رووداوەکە پێکهێنا و چەند گرتەیەکی دەستکەوت کە هاندەرانی ئۆساسونا هوتافی “بمرە ڤینیسیۆس” دەڵێنەوە.

ئاتلێتیک لە زاری کەسە نزیکەکانی ڤینیسیۆسەوە زانیویەتی، یاریزانەکە دڵگران بووە بەڵام تووشی سەرسووڕمان نەبووە، چونکە ئەمە جاری یەکەم نییە رەگەزپەرستی بەرامبەر دەکرێت و هەر سێشەممەی رابردوو لە چامپیۆنزلیگ لە بەرامبەر بێنفیکا تووشی هەمان رووداو بوو، بەگوێرەی لالیگا تاوەکوو ئێستا 26 جار لە 10 یاریگای جیاواز قسەی رەگەزپەرستی بە ڤینی گوتراوە.

ڤینیسیۆس جونیۆر لە یارییەکەی ئۆساسونا

شکستەکەی رۆژی شەممە؛ گورزێکی کوشندە بۆ ریال مەدرید

لە یارییەکەی شەممە بەرامبەر ئۆساسوسا، کاتێک مەدرید بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لەدواوە بوو، ڤینیسیۆس رۆڵێکی کاریگەری بینی و لە خولەکی 73 ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە، بەڵام لە خولەکەکانی کۆتایی راوول گارسیا دوایین بزماری لە تابووتی لۆس بلانکۆس دا گۆڵی دووەم و بردنەوەی کرد. لەدوای یارییەکە ئاربێلوا نیگەرانی خۆی لە ئاستی یاریزانەکانی نەشاردەوە و پێی وابوو کە بەشێوەیەکی خێرا تۆپیان نەگواستوەتەوە و یارییەکی توندیان نەکردووە.

ئەم شکستە سێیەمین شکستی ریال مەدرید بوو لەژێر راهێنەرایەتی ئالڤارۆ ئاربێلوا لەکۆی 10 یاریی. بەر لەو یارییە، دوایین شکستی ریال مەدرید لە لالیگا لە 7ـی دیسێمبەر/ کانوونی یەکەمی ساڵی پار بوو لەژێر سەرپەرشتی چابی ئاڵۆنسۆ. ریال چوار خاڵ لەدوای بارساوە بوو، بە نۆ سەرکەوتنی یەک بەدوای یەک دوو خاڵ پێش یانە کاتالوونییەکە کەوت، ئێستا بەهۆی ئەم شکستەوە خاڵێک کەوتنە دوای رکابەرە دێرینەکەیان و هێشتا 13 یاریی لەم وەرزە ماوە.

ریال مەدرید لە بڕیارەکانی ئالیخاندرۆ گۆنزالێز، ناوبژیوانی یارییەکە ناڕازی بوون و رایانگەیاند ناوبراو هۆکاری هەردوو گۆڵەکەی ئۆساسونا بووە، ستافی راهێنەرانی یانەکە پێیان وابوو، لێدانە سزاکەی ئەندی بودیمیر نادروست بوو و گۆڵەکەی راوول گارسیاش ئۆفساید بووە.

گۆڵی دووەمی ئۆساسونا لەلایەن راوول گارسیا لە خولەکی 90


چی لە پێکهاتەکەی ئاربێلوا لە یاریی ئۆساسونا تێگەیشتین؟

یارینەکردنی ئانتۆنیۆ رودیگەر و ترێنت ئالێکساندەر ئاڕنۆڵد بڕیارێکی چاوەڕواننەکراو بوون، لەبری ئەو دوو یاریزانە، هەریەک لە  دەیڤد ئالابا و دانی کارڤاخاڵ بەشدارییان پێکرا.

کارڤاخاڵ (34) ساڵ و ئالابا (33) ساڵ، هەردووکیان لەدوای ماوەیەکی درێژخایەن و دوورکەوتنەوەیان بەهۆی پێکانی پچڕانی بەستەری ئەژنۆیان گەڕانەوە پێکهاتەی سەرەکی.

تۆڕە ئەمریکییەکە لە زاری سەرچاوەیەکی نێو ژووری جلگۆڕینی یانەکە زانیویەتی، بەشێک لە یاریزانانی مەدرید لە بڕیاری یاریکردنی بەردەوامی چەند ئەستێرەیەک نیگەرانن، بە نموونە، کیلیان ئێمباپێ و ڤینیسیۆس جونیۆر، بەتایبەت کیلیان کە بەدەست پێکانی ئەژنۆیە دەناڵێنێت و هێشتا بە تەواوەتی ئامادەی یاریکردن نییە. سەرچاوەیەکی دیکەی نێو یانەکە ئەوەی بە ئاتلێتیک راگەیاندووە، هەندێک لە یاریزانانی ریال مەدرید سەرنجیان لەسەر یارییەکەی رۆژی چوارشەممەیە بەرامبەر بێنفیکا بەو هۆیەوە نەیانتوانیوە باشترین ئاستی خۆیان بەرامبەر ئۆساسونا پێشکەشبکەن.

لە لایەکی دیکەوە، یارینەکردنی فرانکۆ ماستانتونۆ بۆ سێیەم یاریی لەسەریەک، دەریخست هێرشبەرە ئەرجەنتینییەکە متمانەی ئاربێلوای لەدەستداوە و چیدیکە لە پێکهاتەی سەرەکی پێگەی مسۆگەر نییە. لە سەرەتای دەستبەکاربوونی راهێنەرەکەی پێشووی کاستیا ماستانتونۆ لە سێ یاریی سەرەتا وەکوو یاریزانی سەرەکی بەشداری لە یارییەکاندا دەکرد.

یاریزانانی ریال مەدرید لە یارییەکەی بەرامبەر ئۆساسونا


دۆخی پێکانەکانی ریال مەدرید چۆنە

ستافی پزیشکیی ریال مەدرید هەفتەیەکی سەرقاڵ بەڕێدەکەن. مێرەنگی بە فەرمی پێکانی دانی سیابیۆس، ناوەڕاستکاری یانەکەی راگەیاند و رەنگە بۆ ماوەی حەوت هەفتە دووربکەوێتەوە، هاوکات، دین هاوسن، بەرگریکاری یانەکە بەهۆی پێکانی ماسوولکەی قاچی لە یارییەکەی ئۆساسونا بەشداری نەکرد و چاوەڕێی پشکنینی کۆتاییە تاوەکوو بۆ یارییەکەی رۆژی چوارشەممە لە چامپیۆنزلیگ گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵبکرێت. رۆدریگۆ گەڕاوەتەوە راهێنانەکان و بۆ یارییەکەی خیفاتی ئامادە دەبێت. خوان مارتینێز، بەرگریکاری لاوی یانەکە، کە تازە لە پێکان گەڕاوەتەوە، دووبارە تووشی پێکانێکی سەخت بوویەوە و پێشبینی دەکرێت ماوەی مانگێک دووربکەوێتەوە، لە لایەکی دیکە، ڤیکتۆر ڤاڵدێپێناس، ئەویش بەهۆی پێکانەوە ماوەی سێ هەفتە دووردەکەوێتەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button