
یاریگا –
بنیادنانەوەی هێڵی بەرگری ریال مەدرید هاوینی رابردوو دەستیپێکرد بەڵام هێشتا گەورەترین کێشەی پێکهاتەکە بەرگرییە.
بەگوێرەی رۆژنامەی ئاس، ریال مەدرید گرنگیدانی بە نیکۆ شلۆتێربێک لە زیادبوون دایە، بەرگریکارەکەی بۆروسیا دۆرتموند تەمەنی 26 ساڵە و یاریی بۆ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دەکات. ئەمە نیشانی دەدات یانەکە لە ئێستاوە ئامادەکاری بۆ بازاری گواستنەوەی داهاتوو دەستپێکردووە، ئەگەرچی ترێنت ئالیکساندەر ئارنۆڵد و ئالڤارۆ کارێراس هاتوون، بەڵام هێشتا بەرگری گەورەترین کێشەی پێکهاتەکەیە.

کردەی بنیادنانەوە هاوینی داهاتوو دەستیپێکرد کاتێک ریال مەدرید بە بەهای 58 ملیۆن یۆرۆ گرێبەستی لەگەڵ دین هاوسن واژۆکرد، دڵی بەرگری پێویستی بە گۆڕانکاری خێرا هەیە چونکە روون بووەتەوە کە بەهۆی پێکانە زۆرەکانیانەوە ناتوانرێت پشت بە دەیڤد ئالابا و ئانتۆنیۆ رودیگێر ببەسترێت. لە سەرووی ئەوەشەوە ئێدێر میلیتاو تووشی پێکانێکی دیکە بووە، لە هەردوو ئەژنۆیدا نەشتەرگەری بۆ کراوە و هێشتا بەدەست دۆخی جەستەییەوە دەناڵێنێت.
بەهۆی ئەم دۆخەوە ریال مەدرید دەبێت چاودێری بازاڕی گواستنەوە بکات، بەڵام دەبێت چاودێری یاریزانەکانی خۆشی بکات. جگە لە راوول ئاسێنسیۆ، هیوای سەرەکی خوان مارتینێزە کە ئێستا لەگەڵ کاستیا یاری دەکات. مارتینێز دوو ساڵ لەمەوبەر تووشی پێکانێکی سەختی ئەژنۆ بوو لە ئامادەکارییەکانی پێش وەرزی نوێ لە ئەمریکا. لەو کاتەدا ئەو لەپێش ئاسێنسیۆوە بوو، ئیستا کە تەمەنی 18 ساڵە یانەکە متمانەی تەواوی پێی هەیە و هیواخواز بتوانێت سەرکەوێت بۆ تیمی یەکەم.
مێرێنگێ بەهەمان شێوە لە نزیکەوە چاودێری هاکۆبۆ رامۆن دەکات، کە وەرزێکی سەرسوڕهێنەر لە کۆمۆ بەڕێدەکات. مەدرید بە 2.5 ملیۆن یۆرۆ فرۆشتی بەڵام بەڵام دەتوانێت بە 8 ملیۆن یۆرۆ بیکڕێتەوە، تاوەکوو ئێستا 23 یاریی خول و 3 یاریی جامی ئیتاڵیا بەشداریی کردووە، لە یارییەکاندا هەڵسەنگاندنی زۆر باش وەردەگرێت و ئاستی بەرەوپێش دەچێت، ریال مەدریدیش هاوشێوەی خوان مارتینێز وەکوو بژاردەیەکی راستەقینەی دەبینێت.

رودیگێر و ئالابا ئەم هاوینە گرێبەستەکانیان کۆتایی دێت و پێدەچێت یانەکە جێبهێڵن. ئەوان بەخۆڕایی پەیوەندیان بە یانەکەوە کرد و ئاستێکی زۆر باشیان پێشکەش کردووە، بەڵام دوای پێکانەکانی ئەم دواییانەیان یانەکە هەست دەکات کاتیان کۆتایی هاتووە، بەتایبەت ئالابا.
ئالابا یەکێکە لەو یاریزانانەی کە زۆرترین مووچە لە پێکهاتەکە وەردەگرێت، کە ساڵانە 10.5 ملیۆن یۆرۆیە، هەروەها 17.7 ملیۆن یۆرۆشی وەکوو شیرینی بایی وەرگرتووە کاتێک پەیوەندی بە یانەکەوە کرد، بریکارەکەشی 5.2 ملیۆن و باوکیشی 6.3 ملیۆن یۆرۆی وەرگرت.

دۆخی رودیگێریش هاوشێوەیە، بەڵام رەنگە هێشتا دەرفەتی مانەوەی مابێت چونکە بەگشتی ئاستێکی باش پێشکەش دەکات و یەکێکە لە سەرکردە گرنگەکانی ژووری خۆگۆڕێن. هەمووشتێک پەیوەستە بەوەی ئاخۆ ئامادە دەبێت و بە ئاسایی تاوەکوو کۆتایی وەرز یاریی بکات یاخود نا.



