
یاریگا –
وەین روونی بۆچوونی خۆی لەسەر ئاستی تۆتنهام و ئەگەری دابەزینی بۆ چامپیۆنشیپ دەخاتەڕوو.
تۆتنهام لەم وەرزەی پرێمەرلیگ قەیرانی ئاست و ئەنجام بەرۆکی گرتووە، تادێت مەترسی دابەزینی زیاتر دەبێت و لە ساڵی 2026 تاکە یانەی پریمەرلیگە هیچ یارییەکی نەبردووەتەوە. شەوی رابردوو یارییەکانی گەڕی 27 ـی پرێمەرلیگ دێربیی باکووری لەندەنی لەخۆگرت و تێیدا ئارسیناڵ 4-1 یارییەکەی بردەوە، بەو ئەنجامەش سپێرس دابەزییەوە پلەی 16ـی ریزبەندی و تەنیا چوار خاڵ لە ناوچەی دابەزین دوورە.

لە لێدوانێکیدا بۆ تۆڕی BBC، روونی دەڵێت تۆتنهام دانابەزێت و توانایان هەیە لە پرێمەرلیگ بمێننەوە.
پێم وایە تۆتنهام باش دەبێت، پێم وانییە دابەزێتە چامپیۆنشیپ، زۆر قورسە وێسهتام بتوانێت لە تۆتنهام زیاتر خاڵ کۆبکاتەوە.
پێم وایە وەرزی رابردووش تۆتنهام لە هەمان پێگە بوو، تەنیا ئەم وەرزە کەمێک لە ناوچەی دابەزین نزیکترن، پێم وایە ئەوەندە بەهێزن دانەبەزنە چامپیۆنشیپ.
هاتنی ئیگۆر تودۆر هیواییەکی زۆری بۆ دەربازبوونی تۆتنهام لە ناوچەی دابەزین دروستکردووە، چونکە پێشتریش لەگەڵ لازیۆ و یوڤێنتوس هەمان کاری کردووە و توانیەتی ئەو دوو یانەیە لە دۆخی زۆر ناهەموار رزگار بکات.



