مۆندیال

جێنشینی پابلۆ ئێسکۆبار کوژرا: مەترسی لەسەر بەڕێوەچوونی مۆندیال لە مەکسیک دروست دەبێت

کارتێلی CJNG شەڕی شەقام بە شەقامیان لەدژی حکومەت دەستپێکردووە

Yariga App

یاریگا –

پاش کوژرانی گەورەترین بازرگانی ماددەی هۆشبەر لە مەکسیک، مەترسی بۆ سەر بەڕێوەچوونی یارییەکانی مۆندیال لەو وڵاتە دروستبووە.

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، دوێنێ یەکشەممە 22ـی شوباتی 2026 لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی سوپای مەکسیک و هێزە تایبەتەکانی ئەو وڵاتە و بە پاڵپشتی هەواڵگری ئەمریکا، نێمێسیۆ ئۆسێگێرا سێرڤانتێس ناسراو بە “ئێل مێنچۆ” کوژرا.

لەکاتی ئۆپەڕاسیۆنەکە ئێل مێنچۆ، سەرکردەی کارتێلی CJNG بە سەختی بریندار بووە، پاش گواستنەوەی بە فڕۆکە لە رێگادا گیانی لەدەستداوە، هەر لەو شەڕەدا چوار ئەندامی کارتێلی CJNG کوژراون و سێ سەربازیش بریندار بوون.

کارتێلی CJNG وەکوو تۆڵەسەندنەوەی کوژرانی سەرکردەکەیان لە سەجەم ویلایەتەکانی مەکسیک دەستیان کردووە بە سوتاندنی ئۆتۆمبێل، تەقاندنەوە و سوتاندنی دامودەزگاکانی دەوڵەت، گرتنی رێگای نێوان شارەکان، سوتاندنی بەنزینخانەکان و هێرشکردندە سەر فڕۆکەخانەکان.

ئەمریکا بەهۆی مەترسیداریی دۆخەکە داوای لە هاوڵاتیانی خۆی لە مەیسک کردووە لە ماڵەکانیان بمێننەوە، هاوکات ئەمریکا پێشتر بەهۆی مەترسیداری و کاریگەری ئێل مێنچۆ لەسەر وڵاتەکەی، خەڵاتی 15 ملیۆن دۆلاری بۆ ئەو کەسە دانابوو کە زانیاری لەسەر شوێنی ئێل مێنچۆ ئاشکرا بکات.

کارتێلی CJNG زۆرترین ماددەی هۆشبەری بۆ ئەمریکا دەگوازێتەوە، جیا لەوە کاری شۆشتنەوەی پارە، قاچاخچێتی چەک، کوشتن و رفاندنی خەڵکی پیشەی سەرەکییانە.

هاوکات حکومەتی مەکسیک داوا لە هاوڵاتیانی دەکات لەو شوێنانە دووربکەونەوە کە هێزەکانی دەوڵەتی لێیە، هاتوچۆ کەمبکەنەوە و بەباشی ئاگاداری خۆیانبن و سات بە سات چاودێری میدیا نێوخۆییەکان بکەن.

ئەم رووداوە لەدوای دەستگیرکرانی ئێل چاپۆ، گەورە بازرگانی ماددەی هۆشبەر لە 2016 بە گەورەترین رووداوی وڵاتەکە دادەنرێت.

هەر بەو هۆیە بارای نائاسایی لە وڵاتەکە راگەیەندراوە و مەترسی بۆ بەڕێوەچوونی یارییەکانی مۆندیال لەو وڵاتە دروستبووە، لە بڕیارە لە هاوین بەشێکی یارییەکانی مۆندیالی 2026 لەو وڵاتە بەڕێوەبچن.

بەڵام مەترسییە گەورەکە لەسەر یارییەکانی پلەی ئۆفە، کە بڕیارە لە 26ـی ئازار تاوەکوو 31ـی ئازار، واتا پاش نزیکەی مانگێکی دیکە لە مەکسیک بەڕێوەبچن، بەڵام ئەگەر دۆخەکە هەر بەمشێوەیە بمێنێتەوە ئەگەری گۆڕینی شوێنی یارییەکان هەیە.

بابەتی زیاتر

Back to top button