
یاریگا –
ئارسیناڵ دەبێت خۆی نازناوەکە بباتەوە نەوەکوو چاوەڕێ بکات پێی بدرێت.
دێکلان رایس لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ سەن سپۆرت دەڵێت، ئارسیناڵ دەبێت بجەنگێت بۆ بردنەوەی پرێمەرلیگ و چاوەڕێ نەکات کەس نازناوەکەی رادەست بکات.
دوای یەکسانبوون 2-2 بەرامبەر وۆڵڤز و لەدەستدانی خاڵ بەرامبەر برێنتفۆرد، رایس گوتی تیمەکە کۆبوونەوە و وتاری بەهێزی هەبووە تاوەکوو بە یەکگرتوویی بمێننەوە. باوەڕیشی وایە دێربی باکووری لەندەن لە یەکشەممە بەرامبەر تۆتنهام باشترین دەرفەتە بۆ گەڕانەوە.
رایس دانیشی بەوەدانا کە بە لەدەستدانی پێشکەوتنی 2-0 هاندەرانیان بێهیوا کردووە، بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد کە تیمەکە ئامادەی وەڵامدانەوەیە.
دێکلان رایس لە چاوپێکەوتنەکەدا دەڵێت:
نازناوەکە رادەستمان ناکرێت، پێویستە خۆمان هەوڵ بدەین و بیبەینەوە، پێویستە شایستەی بین و ئامادەی هەرشتێک بین کە رووبەڕوومان دەکرێتەوە. دوای یارییەکەی وۆڵڤز قسەمان لەگەڵ یەکدی کرد، هەستمان بەوە کرد کە خۆمان و هاندەرانیشمان بێهیوا کردووە، دوای ئەوەی لەو دۆخە باشەدا بووین. دێربی باکووری لەندەن باشترین یارییە بۆ وەڵامدانەوە، یارییەکی گەورەیە کە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر وەرزەکەمان دەبێت. هێشتا رێگایەکی درێژمان لەبەردەم ماوە، شتی زۆر هەیە پێی گەشبین بین. هێشتا وەرزێکی نایابمان هەیە و ناکرێت رێگە بە هیچ ژاوەژاوێکی دەرەوە بدەین تێکی بدات. لەم قۆناخەی وەرزەکەدا لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستمان بە هاندەرانە. تاوەکوو ئێرە بەیەکەوە هاتووین، ئێستا کاتی ئەوە نییە دژی یەکدی بوەستینەوە. پێویستە هەموومان لەسەر یەک رێچکە بین و بجەنگین بۆ یاریزانەکان و یانەکە. داوا لە هاندەران دەکەم باوەڕیان پێمان هەبێت، بەردەوام هانمان بدەن بەو هیوایەی بە هاوکاری هەمووان شتێکی تایبەت بەدەست بهێنین.



