تەنیا نیکۆمان دەوێت؛ یەکەم گرێبەستی گەورەی هاوینەی ریال مەدرید ئاشکرا دەبێت
هەڵسەنگاندنی ورد بۆ یاریزانەکە کراوە..

یاریگا –
ریال مەدرید بڕیاری کۆتایی لەبارەی گواستنەوەی نیکۆ شلۆتێربێک، بەرگریکاری بۆڕووسیا دۆرتموند دەدات.
رۆژنامەی ئاس بڵاویکردووەتەوە، ریال مەدرید بڕیاریداوە لە هاوینی داهاتوو یاریزانێکی دڵی بەرگری بگوازێتەوە، یانەکە بڕوای وایە پێویستە لە مێرکاتۆی هاوینە بەرگریکارێکی لێهاتوو بگوازنەوە و بڕیاری کۆتایی لەبارەی گواستنەوەی یاریزانێکی نوێ دراوە.
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، لە ڤاڵدێبێباس کۆبوونەوەی چڕیان لەبارەی بەربژێرەکان کردووە، هەڵسەنگاندن بۆ دایۆت ئۆپامیکانۆ، ئیبراهیما کۆناتێ، مارک گێی و نیکۆ شلۆتێربێک کراوە، لە ئەنجامی کۆبوونەوەکە یانەکە گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی شلۆتێربێک باشترین بژاردەیە تاوەکوو هاوینی داهاتوو گرێبەستی لەگەڵ واژۆ بکەن.
رۆژنامە ئیسپانییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ریال مەدرید لە دوو هەفتەی رابردوو چاودێرییەکی چڕی بەرگریکارە ئەڵمانییەکەی کردووە و بە وردی شیکارییان بۆ ئاستی کردووە و بڕیاریانداوە لە هاوینی داهاتوو گرێبەستی لەگەڵ واژۆ بکەن.
✨📰 ¡La #portadAS del sábado, 21 de febrero!
👀 Cerco a Schlotterbeck pic.twitter.com/1R3GJIdJYN
— Diario AS (@diarioas) February 20, 2026
ریال مەدرید لە هاوینی 2029ـەوە پارەی زۆری لە گواستنەوەی یاریزانانی سەروو 20 ساڵ خەرج نەکردووە، بەڵام ئامادەن لەپێناو نیکۆ ئەو یاسایە بشکێنن.
بایرن میونشن یەکێک بوو لەو یانانەی چاوی لەسەر شلۆتێربێک بوو، بەڵام دوای نوێکردنەوەی گرێبەستی ئۆپامیکانۆ، لە کێبڕکێیەکە چووەتە دەرەوە.
هاوکات بارسێلۆنا ئارەزووی گواستنەوەی بەرگریکارە 26 ساڵانییەکە دەکات، بەڵام ئامانجی سەرەکی بارسا گواستنەوەی هێرشبەرێکی سەرەڕمە.
بۆڕووسیا دۆرتموند و ریال مەدرید پەیوەندییەکی پتەویان هەیە، بەهۆی گرێبەستەکانی ئەشرەف حەکیمی، جود بێڵینگهام و رێینەر پەیوەندییان پتەوتر بووە، بۆیە دۆرتموند هەرکاتێک بیەوێت دەستبەرداری یاریزانێکی کاریگەر ببێت، ریال مەدرید ئاگادار دەکاتەوە.
گرێبەستەکەی نیکۆ شلۆتێربێک لە هاوینی 2027 بەسەردەچێت، بەڵام دەتوانێت لە هاوینی داهاتوو بە 50 ملیۆن یۆرۆ یانەکە جێبهێڵێت. نیکۆ بڕیاریداوە گرێبەستەکەی نوێ نەکاتەوە و لە دۆرتموند بڕوات.



