نەخێر بۆ رەگەزپەرستی؛ فیفا پاڵپشتی خۆی بۆ ڤینیسیۆس دووپاتدەكاتەوە
سەرۆكی فیفا بەیاننامەیەكی فەرمی بڵاوكردەوە

یاریگا –
جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆكی فیفا بەیاننامەیەكی فەرمی دوای رووداوەكەی نێوان ڤینیسیۆس جونیۆر و پرێستیانی بڵاوكردەوە.
شەوی رابردوو بێنفیكا لە یاریگای خۆیدا میوانداری ریال مەدریدی كرد و یارییەكەش بە ئەنجامی گۆڵێكی بێ وەڵام لە بەرژەوەندی یانەی میوان كۆتاییهات، لە میانی یاریی چوونی قۆناخی پاشكۆی گەیشتن بە قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگ.
یارییەکە بۆ چەند خولەکێک راگیرا دوای ئەوەی جیانلوکا پریستیانی، یاریزانی ئەرجەنتینی یانەی بێنفیکا، هەندێک قسەی ئاراستەی ڤینیسیۆس کرد.
ڤینیسیۆس جونیۆر لای فرانسیۆس لێتێكسەری ناوبژیوان سکاڵای کرد و رایگەیاند کە سوکایەتی رەگەزپەرستی پێکراوە، ئەمەش بووە هۆی وەستانی یارییەکە و رۆیشتنی یاریزانە بەڕازیلییەکە بەرەو کورسی یەدەكەکانی یانەكەی. دواجار یارییەکە لە ناو کەشێکی پڕ لە گرژیی هاندەرانی بێنفیکادا دەستیپێکردەوە و تا کۆتایی بەو شێوەیە بەردەوام بوو.
ڤینیسیۆس بە ناوبژیوانی گوتووە كە یاریزانی ئەرجەنتینی سووکایەتی رەگەزپەرستی پێکردووە و بە مەیموون ناوی بردووە. ناوبژیوان دەستبەجێ ئاستی یەکەمی پڕۆتۆکۆڵەکەی کاراکرد و بە هێمای ’یەکتربڕینی دەستەکان’ ئاماژەی پێدا. ئەستێرە بەڕازیلییەکە وەکو هەڵوێستێکی ناڕەزایەتی، بڕیاری دا لەسەر کورسیی یەدەكی یانە شاهانەكە دابنیشێت و رەتیكردەوە یارییبکات تا پڕۆتۆکۆڵەکە جێبەجێ دەکرێت.
جیانی ئینفانتینۆ لە ئینستاگرامی خۆی نووسیویەتی:
تووشی شۆک و دڵتەنگی بووم بە بینینی ئەو رووداوە رەگەزپەرستییەی بەرامبەر بە ڤینیسیۆس جونیۆر لە یاریی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا لە نێوان بێنفیکا و ریال مەدرید روویدا.
بە هیچ شێوەیەک جێگەی رەگەزپەرستی لە وەرزش و کۆمەڵگەکەماندا نابێتەوە، پێویستمان بەوەیە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان هەڵوێست وەربگرن و لێپرسینەوە لە بەرپرسانی ئەو کارە بکەن.
لە فیفا، لە رێگەی هەڵوێستی جیهانی دژی رەگەزپەرستی و لێژنەی دەنگی یاریزانان، پابەندین بەوەی دڵنیاییبدەین لە رێزگرتن و پاراستنی یاریزانان، بەرپرسان و هاندەران، و گرتنەبەری رێوشوێنی گونجاو لە کاتی روودانی هەر رووداوێکدا.
دەستخۆشی لە ناوبژیوان فرانسیۆس لێتێکسەر دەکەم بۆ جێبەجێکردنی پڕۆتۆکۆڵی دژە رەگەزپەرستی بە بەکارهێنانی ئاماژەی دەست بۆ راگرتنی یارییەکە و چارەسەرکردنی دۆخەکە.
فیفا و تۆپی پێ هاوسۆزی تەواوی خۆیان بۆ قوربانیانی رەگەزپەرستی و هەر جۆرە جیاکارییەک نیشاندەدەن.
هەمیشە بەردەوام دەبم لە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی، نەخێر بۆ رەگەزپەرستی! نەخێر بۆ هەر جۆرە جیاکارییەک.
چاوەڕوان دەكرێت هەفتەی داهاتوو لە یاریگای بێرنابیۆ یاریی گەڕانەوە لە نێوان ریال مەدرید و بێنفیكا بەڕێوەبچێت.



