ئەمە دووڕووییە؛ جیمی کاراگێر بە توندی وەڵامی مۆرینیۆ دەداتەوە

یاریگا –
کاردانەوەکانی رووداوی یارییەکەی بێنفیکا و ریال مەدرید بەردەوامە، ئەمجارە کاراگێر وەڵامی مۆرینیۆ دەداتەوە.
دوای کۆتاییهاتنی یارییەکە و چەندین کەسایەتی ناوداری وەرزشی قسەیان بۆ میدیاکان کرد، جیمی کاراگێر زۆر رەخنەی لە لێدوانەکانی جۆزێ مۆرینیۆ هەبوو.
جۆزێ مۆرینیۆ دوای یارییەکە ڤینیسیۆس جونیۆری بە هاندان و توڕەکردنی تەواوی یاریگاکە و خراپترکردنی دۆخەکە دوای گۆڵەکەی تۆمەتبارکرد.
جیمی کاراگێر بە توندی وەڵامی جۆزێ مۆرینیۆی دایەوە و گووتی:
هەر کەسێک هەر چۆنێکی بووێت دەتوانێت ئاهەنگ بگێڕێت و ڤینیسیۆسیش نابێت توندوتیژی رەگەزپەرستی بەرامبەر بکرێت. ئەو قسانەی مۆرینیۆ کەمێک دووڕووییە، ئەو پیاوێکە کە ئاهەنگی گێڕاوە و رەنگە رکابەرەکانیشی هاندابێت و توڕەکردبێت، زیاتر لە هەر راهێنەرێکی دیکە لە رابردوودا. بیرمە مۆرینیۆ لە کۆتایی جام بەرامبەر لیڤەرپووڵ، کاتێک چێڵسی گۆڵێکی لە دوایین خولەکەکان کرد بە هاندەرانی لیڤەرپوولی دەگووت دەمیان دابخەن.



