
یاریگا –
لە کاتێکدا ململانێکانی خولی نایابی کوردستان گەیشتوونەتە قۆناخێکی هەستیار، جەنگێکی یاسایی لە دەرەوەی یاریگا دەستیپێکردووە.
یانەی دەربەندیخان بە فەرمی پەڵپی لەسەر یانەی پێشمەرگەی هەولێر تۆمار کردووە و داوای وەرگرتنەوەی هەر سێ خاڵی یارییەکەی نێوانیان دەکات.
کڕۆکی کێشەکە؛ “سێ کارتی زەرد” و یاریزانێکی بێبەشکراو
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، یانەی دەربەندیخان بەڵگەی پێشکەش بە یەکێتی تۆپی پێی کوردستان کردووە کە تێیدا هاتووە: یاریزانی یانەی پێشمەرگەی هەولێر ئاکار عەبدولحەمید، لە یاریی گەڕی 15ـی بەشداری کردووە لە کاتێکدا خاوەنی سێ کارتی زەرد بووە و بەپێی یاسا نەدەبوو لەو یارییەدا لە لیستەکەدا بێت.
دەربەندیخان پشت بە ماددەی11 لە بڕگەی یەکەمی پەیڕەوی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان دەبەستێت، کە جەخت دەکاتەوە هەر یاریزانێک سێ کارتی زەردی کۆکردبێتەوە، دەبێت بۆ یەک یاری رابگیرێت؛ بە پێچەوانەوە یانەکەی بە دۆڕاو هەژمار دەکرێت.
یارییەکەی پیرمام؛ بردنەوەیەک لە لێواری هەڵوەشاندنەوە
یاریی نێوان پێشمەرگەی هەولێر و دەربەندیخان لە گەڕی 15ـی خولی نایابی کوردستان لە پیرمام بەڕێوەچوو، لە یارییهكه پێشمەرگەی هەولێر توانی بە ئەنجامی (2-0) یارییەکە بباتەوە، بەڵام ئەگەر پەڵپەکەی دەربەندیخان لەلایەن لێژنەی سزدادان له فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردسان پەسەند بکرێت، ئەوا ئەنجامەکە دەگۆڕدرێت بۆ (3-0) لە بەرژەوەندی دەربەندیخان.
دۆخی یانەکان لە ریزبەندی؛ سێ خاڵی “زێرین”
ئەم بابهته تەنیا کێشەیەکی یاسایی نییە، بەڵکو گۆڕانکاری گەورە لە ریزبەندی خولەکەدا دروست دەکات:
پێشمەرگەی هەولێر: ئێستا خاوەنی 16 خاڵە و لە پلەی نۆیەمدایە. لەدەستدانی ئەم سێ خاڵە پێگەی یانەکە لە ناوەڕاستی ریزبەندی له دهست دهدات.
دەربەندیخان: ئێستادا بە 10 خاڵ لە دوایین پلەی ریزبەندییە. بەدەستهێنانی ئەم سێ خاڵە بە بڕیاری یاسایی، وەک ئۆکسجین وایە بۆ یانەکە و هیوای مانەوەیان لە خولی نایاب زۆر زیاتر دەکات.
چاوەکان لەسەر یەکێتی تۆپی پێی کوردستانە
ئێستا دۆسیەکە لەسەر مێزی یەکێتی تۆپی پێی کوردستانە، ئایا یەکێتییەکە بەڵگەکانی دەربەندیخان بە هەند وەردەگرێت و سێ خاڵەکە لە پێشمەرگە دەسەنێتەوە؟ یان پێشمەرگەی هەولێر بەڵگەی پێچەوانەی هەیە کە یاریزانەکەی بە یاسایی بەشداری کردووە.



