فیدراسیۆنی بەڕازیل پەیامێکی ئاگرین بۆ ڤینیسیۆس دەنێرێت
ڤینی، تۆ بە تەنیا نیت و ئێمە شانازیت پێوە دەکەین!

یاریگا –
دوای ئەو رووداوەی شەوی رابردوو لە یاریگای دا لوز لە لیسبۆن روویدا، فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەڕازیڵ بێدەنگی شکاند و لە بەیاننامەیەکی تونددا پاڵپشتیی تەواوی خۆی بۆ ئەستێرەی وڵاتهكهی، ڤینیسیۆس جۆنیۆر راگەیاند.
“ڕەگەزپەرستی تاوانە”
فیدراسیۆنی بەڕازیڵ لە بەیاننامەکەیدا بە توندی سەرکۆنەی ئەو سوکایەتییانەی کرد کە ئاراستەی ڤینیسیۆس کران و رایگەیاند:
“ڕەگەزپەرستی تاوانە، ئەمە شتێک نییە قبوڵ بکرێت، نە لە ناو یاریگاکانی تۆپی پێ و نە لە هیچ شوێنێکی تری ئەم جیهانەدا جێگەی نابێتەوە.”
A CBF se solidariza com Vinícius Júnior, vítima de mais um ato de racismo nesta terça-feira, após marcar pelo Real Madrid contra o Benfica, em Lisboa.
Racismo é crime. É inaceitável. Não pode existir no futebol nem em lugar algum.
Vini, você não está sozinho.
Sua atitude ao… pic.twitter.com/rNGsZLvvpi
— brasil (@CBF_Futebol) February 17, 2026
“ڤینی، تۆ بە تەنیا نیت”
لە بەشێکی تری پەیامەکەدا کە راستەوخۆ ئاراستەی ڤینیسیۆس کراوە، فیدراسیۆنەکە دەڵێت:
“ڤینی، تۆ بە تەنیا نیت. ئەو هەڵوێستە ئازایانەیەی کە نواندت لە داواکردنی کاراکردنی پرۆتۆکۆڵی دژە رەگەزپەرستی، نموونەیەکە بۆ کەرامەت و ئازایەتی. ئێمە وەک گەلی بەڕازیڵ شانازیت پێوە دەکەین.”
10 خولەک وەستانی یارییەکە
یارییەکەی نێوان بێنفیکا و ریاڵ مەدرید، سەرەڕای ئەوەی بە گۆڵێکی ڤینیسیۆس بەکۆتایی هات، بەڵام بۆ ماوەی 10 خولەک وەستا، ئەمەش دوای ئەوەی ڤینیسیۆس ڕایگەیاند کە دروشمی ڕەگەزپەرستیی بەرامبەر بەکارهێنراوە و ناوبژیوان ناچار بوو پرۆتۆکۆڵی تایبەتی یۆفا کارا بکات.
فشاری بەڕازیڵ بۆ سەر یوێفا
ئەم هەڵوێستە توندەی فیدراسیۆنی بەڕازیڵ فشارێکی گەورە دەخاتە سەر یەکێتیی تۆپی پێی ئەورووپا، تاوەکو لێکۆڵینەوەیەکی ورد و خێرا لە رووداوەکە بکەن و سزای توند بەسەر ئەو کەسانەدا بسەپێنن کە تێوەگلاون، پێش ئەوەی یاریی گەڕانەوە لە مەدرید بكرێت
هەڵوێستی بەڕازیڵ لە کاتێکدایە کە ڤینیسیۆس لە ساڵانی رابردوودا بەردەوام لە یاریگاکانی ئەورووپا رووبەڕووی ئەم جۆرە هێرشانە بووەتەوە، بەڵام ئەمجارەیان وڵاتەکەی بە فەرمی وەک “جەنگاوەرێکی نیشتمانی” سەیری دەکات.



