
یاریگا –
لەگەڵ بەردەوامیی ململانێیە بەهێزەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا بۆ وەرزی 2025-2026، تەنیا ئاستی ناو یاریگا گرنگ نییە، بەڵکو هێزی دارایی یانەکان و ئەو بودجەیەی بۆ مووچەی یاریزانەکانیان تەرخانی دەکەن، رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت.
بەپێی ئامارەکانی پێگەی “Calzio e Finanza”، یانەی ریاڵ مەدرید لە لوتکەی ئەو یانانەدایە کە زۆرترین پارە وەک مووچە دەدەنە ئەستێرەکانیان.
ریاڵ مەدرید؛ گرانبەهاترین پێکهاتە لە جیهان
یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی بە کۆی 292.3 ملیۆن یۆرۆ مووچەی ساڵانە (پێش لێدەرکردنی باج)، لە پلەی یەکەمی یانەکانی ئەورووپادایە، ئەم ژمارەیە رەنگدانەوەی کۆکردنەوەی گەورەترین ئەستێرەکانی جیهانە لە یانەکە، بەتایبەت دوای هاتنی کیلیان ئێمباپێ.

هەژموونی ئینگلیزی؛ 5 یانە لە ناو 10 یانهی پێشهنگن
خولی نایابی ئینگلیزی جارێکی تر هێزی دارایی خۆی نیشان دایەوە، بە جۆرێک کە لە ناو لیستی 10 گرانترین یانەکاندا، پێنج یانەی ئینگلیزی دەبینرێن. ئەم باڵادەستییە بەهۆی ئەو داهاتە خەیاڵییەوەیە کە یانەکانی ئینگلتەرا لە مافی پەخشی تەلەفزیۆنی بەدەستی دەهێنن. مانچێستەر سیتی بە 255.9 ملیۆن یۆرۆ لە پلەی دووەم و ئارسیناڵیش لە پلەی پێنجەمدایە.

بایەرن و بارسا لە کێبڕکێدان
یانەی بایرن میونخی ئەڵمانی بە 245.1 ملیۆن یۆرۆ لە پلەی سێیەم دێت و پێش بارسێلۆنا کەوتووە، یانەی بارسێلۆنا سەرەڕای کێشە داراییەکانی ساڵانی رابردووی، هێشتا بە 218.2 ملیۆن یۆرۆ لە پلەی چوارەمی لیستەکەدایە، لایەکی ترەوە، پاریس سانجێرمان بە 171 ملیۆن یۆرۆ لە پلەی هەشتەم دێت، کە ئەمە نیشانەی گۆڕانکارییە لە سیاسەتی یانەکە و کەمکردنەوەی خەرجییە خەیاڵییەکانی پێشووی.
ئیتاڵییەکان لە دواوەن
یانە گەورەکانی ئیتاڵیا لەچاو یانە ئینگلیزی و ئیسپانییەکان پارەیەکی کەمتر وەک مووچە خەرج دەکەن. ئینتەر میلان وەک یەکەم یانەی ئیتاڵی لە پلەی دەیەمی لیستەکەدایە، یۆڤینتۆس و ناپۆلیش لە پلەکانی 13 و 15 دێن.
ئامارەکان دەریدەخەن کە جیاوازییەکی زۆر لە نێوان لوتکە و بنکەی لیستەکەدا هەیە؛ بۆ نموونە خەرجی مووچەی ریاڵ مەدرید زیاتر لە حهفت هێندەی خەرجی یانەکانی وەک بێنفیکا و سپۆرتینگ لیسبۆنەیە کە هەر یەکەیان 40 ملیۆن یۆرۆ خەرج دەکەن.

لیستی 10 گرانترین یانەکانی چامپیۆنزلیگ بەپێی مووچە (ساڵی 2026):
گشت ژمارەکان بە ملیۆن یۆرۆن و پێش لێدەرکردنی باج)
ریاڵ مەدرید: 292.3
مانچێستەر سیتی: 255.9
بایرن میونخ: 245.1
بارسێلۆنا: 218.2
ئارسیناڵ: 210.5
لیڤەرپوول: 199.6
چێڵسی: 190.4
پاریس سانجێرمان: 171
تۆتنهام: 154.1
ئینتەر میلان: 141.5