
یاریگا –
لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیای دوو، زەوڕا لە یاریی گەڕانەوە لە ئیماڕات رووبەڕووی وەسڵ دەبێتەوە.
لە یاریگای زەعبیل لە ئیماڕات، بڕیارە سێ شەممە ( 17ـی شووباتی 2026 ) لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی 16ـی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیای دوو، کاتژمێر 7ـی شەو زەوڕا و وەسڵ رووبەڕووی یەکتر ببنەوە، زەوڕا لە یاریگای خۆی لە یاریی چوون بە ئەنجامی 3 _ 2 سەرکەوتنی بەدەستهێنابوو.
وێڕای سەرکەوتنیان لە یاریی چوون، حوسام فەوزی یاریدەدەری راهێنەری زەوڕا دەڵێت یارییەکە ئاسان نیە و پێویستە بە وریاییەوە مامەڵە بکەین، حوسام دەربارەی ئامادەکاری و دۆخی تیپەکە زیاتر گووتی:
لە یاریی رابردوو هەردوو یانە ئاستێکی باشیان پێشکەش کرد و یارییەکی بەهێزیان کرد، بۆیە ئەم یارییە بۆ هیچ لایەک ئاسان نیە، پشووی زۆرمان نەداوە لەبەر یارییەکەمان لە خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، زیاتر کارمان لەسەر ئامادەکردنی توانای جەستەیی و دەروونی یاریزانەکان کردووە، سەرنجمان بە تەواوی لەسەر یارییەکەیە، یاریزانەکان ئامادەن و ئامانجمان سەرکەوتنە بۆ ئەوەی دڵی هاندەرانمان خۆش بکەین.
لە ئەگەری سەرکەوتنی زەوڕا، لە قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتیەکە رووبەڕووی براوەی یاریی نێوان ئارکاداخی تورکمانستانی و نەسڕی سعودی دەبێتەوە، لە یاریی چوون نەسڕ لە دەرەوەی یاریگای خۆی 1 _ 0 سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.



