ناوماڵی ریال مەدرید؛ فشارەکانی سەر ئاربێلوا، گەڕانەوەی ئێمباپێ و ئاڕنۆڵد
گەرمترین پرس لە ناوخۆی ریال مەدرید چییە؟

یاریگا – ئاتلێتیک
بەخێربێن بۆ زنجیرەی ئەم هەفتەیەی ‘ناوماڵی ریال مەدرید‘ کە زنجیرەیەکی هەفتانەیە و تۆڕی یاریگا و ئاتلێتیک بەدرێژایی وەرزی 2025/2026 پێشکەشتانی دەکەن.
هەموو هەفتەیەک زانیاریی ورد، شیکاریی سەرەکی و گرنگترین زانیارییەکانی ناو یانەی ریال مەدرید پێشکەشی هاندەرانی مێرێنگی دەکەین.
ئەم زانیارییانە رەنگدانەوەی چەندین گفتوگۆیە لەگەڵ سەرچاوە جیاوازەکانی ریال مەدرید و زانیارییەکان تەواو متمانەپێکراون.
زۆرترین قسە و باسی ئێستای ریال مەدرید چییە؟
ریال مەدرید لە لالیگا بردنەوەیەکی گەورەی بەرامبەر ریال سۆسیداد بەدەستهێنا و بە ورەیەکی بەرزەوە خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی یانەی بێنفیکا ئامادە دەکات. سۆسیداد لەپێش ئەم یارییە 11 یاریی لەسەریەک تووشی شکست نەهاتبوو و مەدرید توانی ئەو گرێکوێرەیە بۆ یانەکانی لالیگا بکاتەوە، هەروەها پێنج بردنەوەی لەسەریەکی لەژێر سەپەرشتی ئالڤارۆ ئاربێلوا تۆمارکرد و بە شێوەی کاتی پێشەنگی ریزبەندییەکەی لە بارسێلۆنای رکابەری لەمێژینەی وەرگرت.
ململانێی چامپیۆنزلیگ جیاوازە و فشارێکی زۆر لەسەر یانەکەیە چونکە دووبارە رووبەڕووی بێنفیکا دەبێتەوە دوای ئەوەی لە قۆناخی خول لەسەر دەستی ئەو یانەیە لە سەرکەوتنی راستەوخۆ بۆ قۆناخی 16 بێبەشکرا.
گرنگی یارییە گەورەکەی چامپیۆنزلیگ لەسەر داهاتووی ئاربێلوا؟
داهاتووی ئاربێلوا بە چامپیۆنزلیگ بەستراوەتەوە، هەرچەندە راهێنەرە ئیسپانییەکە لە خولی ناوخۆیی رەزامەندی یانەکەی بەدەستهێناوە، بەڵام داهاتووی درێژخایەنی بەندە بە ئەنجامەکانی لە چامپیۆنزلیگ. یانەکە بە فەرمی راینەگەیاندووە ئاربێلوا راهێنەری کاتییە یاخود هەمیشەیی، بەڵام سەرچاوە نزیکەکانی راهێنەرەکە دەڵێن، ئاربێلوا تاوەکوو کۆتایی وەرز لە ئەرکی راهێنەرایەتی لۆس بلانکۆس بەردەوام دەبێت و درێژکردنەوەی بەندە بە ئەنجامەکان.
بردنەوەی لالیگا ئەگەری هێشتنەوەی ئاربێلوا وەکوو راهێنەری یانەکە زیاد دەکات بەڵام دواجار چامپیۆنزگ بڕیار لەسەر چارەنووسی دەدات.

ئێمباپێ و ترێنت دەگەڕێنەوە بەڵام بێلینگهام زیاتر دووردەکەوێتەوە
کیلیان کە بەدەست ئازاری ئەژنۆی دەیناڵاند، ئەم هەفتەیە پشووی پێدرا و بۆ یارییەکەی سێشەممە ئامادە دەبێت. ئاربێلوا رایگەیاند کە بڕیاری یارینەکردنی ئێمباپێ لەپێناو سەلامەتی خۆی بووە و بۆ یارییەکەی بەرامبەر بێنفیکا ئامادەیە.
بەپێچەوانەوە، پێدەچێت دوورکەوتنەوەی بێلینگهام زیاتر بخایەنێت لەوەی پێشبینی دەکرا، پێشتر چاوەڕواندەکرا لە مانگی مارس/ ئادار بگەڕێتەوە بەڵام بەگوێرەی سەرچاوە نزیکەکانی یانەکە پێکانی ناوەڕاستکارە ئینگلیزییەکە سەختترە و شەش بۆ هەشت هەفتە دووردەکەوێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، ترێنت ئالێکساندەر ئارنۆڵد لە پێکانەکەی گەڕایەوە، لە یارییەکەی بەرامبەر سۆسیدا بە سەرەکی بەشداریی کرد، توانی ئەسیستێک بکات و بە پاسە ناوازەکانیشی هەموو لایەکی سەرسام کرد.


بەڕێوەبردنی ژووری جلگۆڕین
لە هەفتەی رابردوو ئاربێلوا رووبەڕووی چەند کێشەیەک بوویەوە، وەک پێشتر تۆڕەکە رایگەیاندبوو پەیوەندییەکانی کارڤاخاڵ و ئالابا لەگەڵ ئاربێلوا تێکچووە، ئەمەش ئاڵەنگارییەکی قورسی بۆ راهێنەرە ئیسپانییەکە دروستکردووە و پێویستە لەم ساتەوەختە گرنگەی وەرزەکەدا دڵی یاریزانە گرنگ و ئەزمووندارەکانی یانەکەی رابگرێت.




