راپۆرتی تایبەت؛ ڤار زۆرترین کاریگەریی لەسەر ئەنجامەکانی بارسێلۆنا هەیە

یاریگا –
لەم وەرزەی لالیگا بارسێلۆنا یەکێکە لەو یانانەی ڤار زۆرترین کاریگەریی لەسەر ئەنجامەکانی یانەکە هەیە.
رۆژنامەی ئاس بڵاویکردووەتەوە، تاوەکوو یارییەکانی گەڕی 23، ڤار 16 جار لە یارییەکانی بارسێلۆنا دەستێوەردانی کردووە، 8 جار بڕیاری ڤار لە سوودی بلوگرانا بووە، 8 جاریش بە زیانی یانەکە شکاوەتەوە.
بەم دواییە یانەکە سکاڵایەکی فەرمی پێشکەشی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا کرد و تێیدا گلەیی لە شێوازی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای ڤیدیۆیی و بڕیارەکانی ناوبژیوان دەکات.

بڕیارەکانی ڤار لە بەرژەوەندیی بارسێلۆنا
لەدوای یانەی مایۆرکا، یانە کاتالوونییەکە دووەم سوودمەنترین یانەی لالیگایە و 8 جار ڤار بڕیارەکانی لە بەرژەوەندیی بارسا بووە، گرنگتریان ئەمانەن؛
- کردنە دەرەوەی سێ یاریزانی تیپەکانی بەرامبەر
- هەژمارکردنی گۆڵێکی رۆبێرت لیڤاندۆڤکی کە ناوبژیوان رەتیکردبوویەوە.
- هەژمارکردنی دوو لێدانی سزا.
- رەتکردنەوەی لێدانێکی سزا و گۆڵێکی یانەی ریال مەدرید لە کلاسیکۆ.

بڕیارەکانی ڤار لە دژی بارسێلۆنا
جگە لە سوود ڤار زیانیشی بە بارسا گەیاندووە و هاوشانی ریال مەدرید زۆرترین جار بوونەتە قوربانی دەست پێداچوونەوەکانی ڤار، گرنگترینیان ئەمانەن؛
- رەتکردنەوەی دوو گۆڵی فێران تۆرێس و فێرمین لۆپێز.
- هەژمارکردنی گۆڵێکی تیپی بەرامبەر دوای پێداچوونەوە.
- هەژمارکردنی سێ لێدانی سزا بۆ یانەکانی بەرامبەر.
- پێدانی کارتێکی سوور دوای پێداچوونەوە.



