سێر راتکلیف لە لێدوانەکەی دژی پەنابەران پاشگەزبووەو داوای لێبوردن دەکات!

سێر جەیمی راتکلیف هاوپشکی مانچێستەر یونایتد داوای لێبوردنی لە رای گشتی و بنەماڵەی گلەیزەر کرد پاش ئەوەی رووبەرووی رەخنەی توندبووەوە بەهۆی قسەوتن بە پەنابەران لە بەریتانیا.
راتکلیف لە لێدوانێکدا بۆ سکای سپۆرت وتبووی پەنابەران بەریتانیان “داگیرکردووە”
ئەم لێدوانە کاردانەوەی توندی بەدوای خۆیدا هێنا. یەکێتی تۆپی پێی ئینگلتەرا رایگەیاند لێکۆڵینەوە لەو بابەتە دەکەن و ئەگەری سزادانی هەیە. هەروەها ئاندی بێرنهام سەرۆکی شارەوانی شاری مانچێستەر داوای سزادانی سێر جەیمی کردبوو وە لێدوانەکانی بە “نا دروست، ناوزڕاندن و سوکایەتی” ناوبردبوو.
بەگوێرەی ماڵپەڕی گۆڵ، بنەماڵەی گلەیزەر زۆر نیگەرانن لەو قسانە، چونکە پێیان وایە کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر وێنەی مانچێستەر یونایتد و پەیوەندی یانەکە لەگەڵ سپۆنسەرەکان.
هەمان سەرچاوە دەڵێت جگە لە داوای لێبوردنێکی گشتی، سێر جەیمی پەیوەندی بە بنەماڵەکەوە کردووە و بەفەرمی داوای لێبوردنی لێکردوون.
لە بەیاننامەکەی راتکلیف هاتووە ” داوای لێبوردن دەکەم کە شێوازی قسەکانم خەڵکانێکی قەڵسکردووە لە ئینگلتەرا و ئەورووپا ، نیەتی من ئەوەبوو کە بەریتانیا دەبێت باشتر کاروباری رێکخستنی پەنابەران ئەنجام بدات و شیاو بێت لەگەڵ پێداویستییەکانی دەستی کار لە وڵاتەکەدا.
مانچێستەر یونایتد لە هەوڵدایە پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەرپرسە ناوخۆییەکانی وڵاتەکە لەوپەڕی باشیدابێت تاوەکو کێشەی شارەوانی دروست نەبێت بۆ یاریگا تازەکەیان کە هێشتا لە قۆناغی وەرگرتنی رەزامەندیدایە.
بەدەر لە کێشەکانی دەرەوە، شەیتانە سوورەکان لەنێو یاریگا بە دۆخێکی باشدا تێدەپەڕن و لە کۆتا پێنج یاری پریمەرلیگ خاوەنی چوار بردنەوە و بەرامبەربوونێکن.



