
یاریگا –
خوان لاپۆرتا دووشەممەی رابردوو دەستی لە سەرۆکایەتی بارسێلۆنا کێشایەوە تاوەکوو بەشداریی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی یانەکە بکات.
لاپۆرتا دوای دەست لەکارکێشانەوەی بە دەگمەن دەرکەوتنی هەبوو. سێشەممە چووە شوێنی راهێنانەکان تاوەکوو ماڵاوایی لە سەرجەم تیمەکانی یانەکە بکات. دوێنێ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی پەیامێکی بڵاوکردەوە بۆ پشتگیریکردنی تیمەکەی هانزی فلیک، دوای شکستە قورسەکەی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید. هەروەها رەخنەش لە ناوبژیوان گرت دوای رەتکردنەوەی گۆڵەکەی پاو کوبارسی و لەو کاتەوە دەرکەوتنێکی ئەوتۆی نەبووە.
لاپۆرتا پەیامێکی ئاگریینی لەسەر یارییەکەی بارسێلۆنا و ئاتلێتیکۆ بڵاوکردەوە
لە هەفتەی داهاتووەوە لاپۆرتا بە تەواوی دەچێتە بانگەشەی هەڵبژاردنەوە. رۆژنامەی سپۆرت، دروشمی لاپۆرتا بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن ئاشکرا دەکات، کە زۆر هاوشێوەی دوایین هەڵبژاردنە و لاپۆرتا بردنەوەی بەدەستهێنا. دروشمەکەی 2021 “بارسامان خۆش دەوێت” بوو. ئەمجارە دروشمەکە “بەرگری لە بارسا دەکەین” دەبێت.
بەم پەیامە لاپۆرتا دەیەوێت بە ئەندامانی یانەکە بڵێت کە کەس لە تیمەکەی لاپۆرتا باشتر بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی یانەکە ناکات. لە راستیدا لاپۆرتا لە دوایین لێدوانیدا گووتی کە بارسێلۆنا دژی هەمووشتێک و هەموو کەسێک دەجەنگێت.



