
یاریگا –
گواردیۆلا هەڵوێستی خۆی لەبارەی کۆچبەران و لێدوانەکانی سێر جیم راتکلیف رادەگەیەنێت.
راتکلیف، هاوسەرۆکی مانچێستەر یونایتد، لە لێدوانێکدا دژی پەنابەران قسەی کرد و رایگەیاند کە پێیوایە “بەریتانیا لەلایەن پەنابەرانەوە داگیراکراوە”.
لە وەڵامی پرسیارێکدا لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی بەر لە یاریی یانەکەی بەرامبەر ساڵفۆرد سیتی لە جامی یەکێتیی ئینگڵتەڕا، گواردیۆلا رەتیکردەوە لەسەر خودی لێدوانەکانی سەرۆکەکەی مان یونایتد قسەبکات بەڵام بەم جۆرە باسی لە پەنابەران کرد؛
هەموو کەسێک ژیانێکی باشتری دەوێت، هەموو کەسێک دەیەوێت دیدێکی سەبارەت بە بوونی داهاتوویەکی گەش بۆ خۆی، خێزان و هاوڕێکانی هەبێت، هەندێک جار لەو شوێنەی تێدا لەدایک بوویت ئەو دەرفەتەت بۆ دەڕەخسێت، هەندێک جاریش لەو شوێنەی کە بۆی دەرۆیت، لەبەرئەوەیە ئەو شوێنەی لێی لەدایک بوویت جیاوازی دروستناکات. زۆرینەی خەڵکی بەهۆی ئەو کێشانەی لەنێو وڵاتەکەیاندا هەیە لە زێدی خۆیان رادەکەن، نەک لەبەرئەوەی خۆیان بیانەوێت بەجێیبێڵن، هەتاوەکوو زیاتر کلتووری وڵاتانی دیکە قبووڵ بکەین، ئەگەر بەراستی قبووڵی بکەین، هیچ گومانم نییە کە کۆمەڵگایەکی باشترمان دەبێت.
Pep Guardiola says we will “have a better society” if we embrace other cultures 🫶 pic.twitter.com/e4Zgdn10kQ
— BBC Sport (@BBCSport) February 13, 2026
لە درێژەی قسەکانیدا راهێنەرە ئیسپانییەکە زیاتر لەسەر کۆچبەران دەدوێت و دەڵێت کە کێشەی کۆچبەران کێشەی هەموو جیهانە؛
ئێمە وا مامەڵە لەگەڵ کۆچبەران، یان ئەو کەسانە دەکەین کە لە وڵاتانی دیکەوە دێن وەک بڵێی کێشە بۆ وڵاتەکەمان دروستدەکەن، ئەوە کێشەیەکی گەورەیە چونکە، ئەو راستییەی کە من کەتەلۆنیم و تۆش بەریتانی، چ کاریگەرییەکمان لە دیاریکردنی شوێنی لەدایکبوومان هەبووە؟ رەنگی پێست یان ئەو شوێنەی لێی لەدایکبوویت هیچ جیاوازییەک دروست ناکات.



