
یاریگا –
دوای شکستە سەختەکەی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید 4-0، دوێنێ هەینی لە گۆڕەپانی مەشقەکانی بارسێلۆنا گرژی دروست بووە و هانزی فلیک و یاریزانەکان رەخنە لە یەکتر دەگرن.
تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، سەرەتا بڕیار نەبووە گفتوگۆ لەبارەی یارییەکە بکرێت بەڵام لەناکاو هانزی فلیک ئارامی لەدەستداوە و بەتووندی رەخنەی لە ئاستی یاریزانەکانی گرتووە، پێی گوتوون لە یارییەکە ئاستێکی لاوازیان پێشکەشکردووە، بەتایبەت لە گێمی یەکەم زۆر کەمتەرخەمانە یارییان کردووە.
هەروەها چەند ئەستێرەیەکی تیپەکە وەڵامی راهێنەرە ئەڵمانییەکەیان داوەتەوە و نیگەرانی خۆیان لە تاکتیکەکانی دەربڕیووە و پێیان وایە لە هەموو یارییەک شێوازی یاریکردن بە فشارێکی چڕ و هێڵی بەرگرییەکی زۆر بەرز گونجاو نییە، نەدەبوو بەرامبەر ئاتلێتیکۆ بەو تاکتیکە یاریی بکەن.

هەر بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، یاریزانەکان بڕیاریانداوە بەیەکەوە بۆچوونی خۆیان دەربڕن، چونکە جاری یەکەم نییە لەم وەرزە رووبەڕووی ئەو بارودۆخە دەبنەوە.
بارسێلۆنا لە نۆڤێمبەری رابردوو لە یاریی بەرامبەر کڵەب بروج لە چامپیۆنزلیگ رووبەڕووی ئاستەنگییەکی زۆر بووەوە و زۆر بە کەمی کۆنتڕۆڵی یارییەکەی لەدەستبوو، یارییەکە 3-3 کۆتاییهات، مانگێک پێشتریش لە لالیگا 4-1 بە سێڤییا دۆڕان بە هەمان بارودۆخدا تێپەڕیبوون، لە یارییەکەی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ جارێکی دیکە هەمان ئەو کێشانە دووبارە بوونەوە.
هاوکات چەند ئەستێرەیەکی بارسێلۆنا پێیان وایە بەبێ پێدری و رافینیا زۆر قورسە بتوانن بە شێوازە خوازراوەکانی هانزی فلیک یاریی بکەن، چونکە ئەوان خاڵی بەهێزی سیستەمەکەن بەڵام هەردوو یاریزانەکە بەهۆی پێکان دوورکەوتوونەتەوە.

لەلایەکی دیکە ئاتلێتیکۆ مەدرید زۆر بە سەرکەوتوویی بەرپەچی پلانەکانی فلیکی دایەوە، تیپەکەی دیێگۆ سیمیۆنی لە شێوازی خنکاندنی بارسا لەڕادەبەدەر سەرنجڕاکێش بوو، هێرشبەران زیرەکانە رایاندەکردە قووڵایی و هەندێک جار بە ئەنقەست خۆیان دەخستە دۆخی ئۆفساید تاوەکوو سەرنجی بەرگریکاران تێکبدەن و بەو پلانە توانیان هێڵی بەرگری بارسا تێکبشکێنن و 4 گۆڵ بکەن.
ئاتلێتیک ئاماژەی بەوەش کردووە، یاریزانەکان داوایان لە هانزی فلیک نەکردووە دەستبەرداری شێوازەکەی خۆی ببێت، چونکە وەرزی رابردوو بەو شێوازە سێ نازناویان بردووەتەوە، بەڵکو داوایان کردووە لە یارییە گەورەکان گۆڕانکاری بکات و بەو یاریزانانەشی لەبەردەستیدان خۆی بگونجێنێت و پێکانی یاریزانێک کاریگەری لەسەر پلانەکان دروست نەکات.



