
یاریگا –
یانەی نيوكاسڵ یونایتدی ئینگلیزی تاوتوێی گۆڕانکاری لە هێڵی هێرشبەری بۆ وەرزی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوو دەكات.
نیک ڤۆڵتمادە لە هاوینی 2025 لە ریزەكانی شتوتگارت بە بەهای 75 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە نیوكاسڵەوە كرد و تاوەكو 2031 گرێبەستی لەگەڵ یانە ئینگلیزیەكە هەیە.
بە گوێرەی زانیارییەكانی فوتبۆڵ ئینسایدەر، كارگێری یانەی نیوكاسڵ یونایتد بە جیدی بیر لە فرۆشتنی نیک ڤۆڵتمادە لە مێركاتۆی هاوینی داهاتوو دەكات.
هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوە کردووە کە یانەکە دەستی کردووە بە گەڕان بەدوای هێرشبەرێکدا کە هاوشێوەی ئالێکساندەر ئیزاكی سویدی بێت، یاریزانی پێشووی یانەكە کە هاوینی رابردوو پەیوەندی بە لیڤەرپوول كرد، کە شارەزا بێت لە شوێنپێگرتن لە ناوچەی سزادا و توانای گۆڵکردنی بەرزی هەبێت.
راپۆرتەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە کارگێڕی یانەکە درک بەوە دەکەن هۆکاری خراپی ئەنجامەکانیان و بوونیان لە پلەی دەیەم لە ریزبەندی خولەکەدا لە بری کێبڕکێکردن لەسەر کورسییەکی ئەوروپی، دەگەڕێتەوە بۆ خراپیان لە هێڵی هێرشبەریدا، بەو پێیەی یانەکە یەکێکە لە خراپترین ئاستەکانی قۆستنەوەی هەلی لەم وەرزەی پرێمەرلیگدا هەیە.
هەرچەندە سەرەتایەکی بەهێزی لەگەڵ تیپەکەدا هەبوو، بەڵام ئاستی ئەو هێرشبەرە ئەڵمانییە بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و لە 13 یاری رابردوودا نەیتوانیوە هیچ گۆڵێک بکات. ڤۆڵتمادە تەنیا 7 گۆڵی لە پرێمەرلیگدا لە کۆی 23 یاری كردووە، بە گشتیش لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا خاوەنی 10 گۆڵە لە 40 یاریدا.



