ئیسپانیاگرنگترین

وەرچەرخانێكی مێژووی؛ كۆتایی جەنگی سوپەرلیگ و ئاشتەوایی ریال مەدرید و یوێفا

رۆژنامەی ئاس تەواوی زانیارییەكان ئاشكرا دەكات

Yariga App

یاریگا –

رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی وردەكاری پشت پەردەی رێككەوتنەكەی نێوان ریال مەدرید و یوێفای ئاشكرا كرد.

ریال مەدرید لە بەیاننامەیەكی فەرمیدا كەمێک پێش ئێستا بە چەند مەرجێک پڕۆژەی سوپەرلیگی هەڵوەشاندەوە.

زانیاری زیاتر:

فەرمی؛ بڕیاری كۆتایی لەسەر پرۆژەی سوپەرلیگ دەدرێت

بە گوێرەی زانیارییەكانی رۆژنامەی ئاس، دیمەنی تۆپی پێی ئەورووپا لە رۆژی چوارشەممە 11ی شوباتەوە شایەتی وەرچەرخانێکی بنەڕەتی دەبێت، ئەمەش دوای رێککەوتنی نێوان هەر سێ لایەنەکە کە بەهۆیەوە گفتوگۆکانیان دەستپێکردووەتەوە و گەیشتوونەتە رێككەوتنێک کە رێگە بە ریال مەدرید دەدات بگەڕێتەوە ناو بازنەی بڕیاردانی دامەزراوەی باڵای تۆپی پێی ئەوروپا.

لە ئەگەری قبوڵكردن و بە فەرمیكردنی ئەم پابەندبوونە، ئەو داوا یاساییانە هەڵدەگیرێن کە ریال مەدرید دژی یوێفا بەرزی کردبوونەوە. ئێستا کار دەکرێت بۆ داڕشتنی چوارچێوەیەکی نوێ بۆ پاڵەوانێتییەکانی تۆپی پێی ئەوروپا، ئەمەش پێویستی بە گۆڕانکاری دەبێت، بەڵام بە رەزامەندی هەموو لایەنەکان. کۆتاییهێنان بە شەش ساڵ لە دابڕان و داواکاری یاسایی و ئەو کۆبوونەوانەی لە دوو مانگی رابردوودا ئەنجام دراون.

هەر سێ لایەنەکە خەریک بوو لە ئەیلوولی رابردوودا بگەنە رێککەوتن، بەڵام دزەپێکردنی زانیارییەکان لەلایەن یانەی بارسێلۆناوە دەربارەی کۆبوونەوەکان و دەستکاریکردنی پاڵەوانێتییەکان، بووە هۆی هەڵوەشانەوەی هەموو شتێک.

پڕۆژەی  سوپەرلیگ لە رێگەی کۆمپانیای سپۆنسەری A22 و یانەی ریال مەدریدەوە، لە ململانێیەکی کراوەدا بوون لەگەڵ یوێفا و سوور بوون لەسەر داوایەکی یاسایی بۆ قەرەبووکردنەوەیان بە بڕی 4.5 ملیار یۆرۆ، وەک تێچووی ئەو زیانانەی لێیان کەوتووە و ئەو قازانجانەی لەدەستیان چووە بەهۆی رێگری لە دەستپێکردنی پاڵەوانێتییەکە.

بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، دوای ئەوەی هەردوو لایەن کۆتاییهاتنی ململانێکانیان راگەیاند، ریال مەدرید داوا یاساییەکەی کشاندەوە، لە بەرامبەردا یوێفا پابەند بوو بە رەخساندنی ژینگەیەک کە بەردەوامی تۆپی پێ مسۆگەر بکات، ئەمەش لە رێگەی دەستبەرداربوون لە مۆدێلی ئێستا کە پشت بە خستنەگەڕی پارەیەکی زەبەلاح لە دەرەوەی تۆپی پێ دەبەستێت.

سوپەرلیگ لە ساڵی 2021دا راگەیەندرا و 12 یانەی دامەزرێنەری لەخۆگرتبوو: ریال مەدرید، بارسێلۆنا، ئاتلێتیکۆ مەدرید، مانچێستەر یونایتد، چێڵسی، ئارسیناڵ، لیڤەرپوول، مانچێستەر سیتی، تۆتنهام، یوڤێنتوس، میلان و ئینتەر میلان.

بەڵام لە ماوەی چەند رۆژێکی کەمدا، یانە ئینگلیزییەکان لەژێر فشاری حکومەتی بەریتانیا و هاندەران لە پڕۆژەکە کشانەوە.

دواتر یانە ئیتاڵییەکان و ئاتلێتیكۆ مەدریدیش کشانەوە، بەمەش تەنیا ریال مەدرید و بارسێلۆنا وەکو ئەندام مانەوە تاوەکو ئەم هەفتەیە، کە تێیدا یانە كاتالوونییەكەش کشانەوەی خۆی راگەیاند.

بابەتی زیاتر

Back to top button