کۆنتی هێرشیکردە سەر ناوبژیوان پاش ماڵئاواییکردن لە جامی ئیتاڵیا

شەوی رابردوو یانەی ناپۆلی لەسەر دەستی کۆمۆ لە جامی ئیتاڵیا کرایە دەرەوە و ماڵئاوایی کرد.
لە یاریگای ستادیۆ دیێگۆ ماڕادۆنا، ناپۆلی و کۆمۆ لە کاتی ئاساییدا بە گۆڵێک بۆ هەر لایەکیان بەرامبەربوون، دواتر بە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە کۆمۆ بردنەوەی بەدەستهێنا و درێژەیان بە وەرزە ئەفسووناوییەکەیان دا.
کۆنتی راهێنەری ناپۆلی لەنێو یاریگادا زۆر نەمابوو خۆی تووشی کێشەیەکی گەورە بکات لەگەڵ ناوبژیوان، پاش یارییەکەش بۆ میدیاسێت وتی
بەدڵنیاییەوە ئەم وەرزە، وەرزێکی خراپە بۆ ناوبژیوانان و ڤاڕ. هیوادارم چارەسەرێک بۆ ئەم دۆخە بدۆزنەوە، چونکەکەس رازی نیە و هەموومان گازندە دەکەن، بە یاریزانان و راهێنەران و هاندەرانیشەوە. ئەمە نە بۆ تۆپی پێ و نە بۆ ئێمەش باش نیە.
ناپۆلی پێی وابوو دوو جار خاکۆبۆ رامۆنی بەرگریکار دەبووایە کارتی سوور وەربگرتایە، جارێکیان بەهۆی لێدانێکی توندی راستەوخۆ لە نزیک گۆڵ کە تەنها زەردی پێدرا، جاری دووهەمیش بە خراپی لە هۆیلوندی دا و هیچ کارتێکی وەرنەگرت. ئەمەش کۆنتی و ناپۆلی بە تەواوی توڕەکرد.
ناپۆلی ئەم وەرزەی بە بەهێزی دەست پێکرد بەڵام لەم دواییەدا ئاستی یانەکە وەک پێویست نیە. کۆنتی پێی وایە هۆکارەکەی زۆر پێکانەکانە و وتی
شانازی بە یاریزانەکانمەوە دەکەم، چونکە سەرەڕای ئەو هەموو پێکانە و نەبوونی یاریزانی پێویست بە ئاستێکی بەرزەوە بەرامبەر تیمێک یارییان کرد کە 10 رۆژە لە پشوودایە و هیچ پێکانێکیشی نیە، لەکاتێکدا ئێمە سێ رۆژ لەمەوبەر بەرامبەر جەنەوا یاریمان کرد.
ناپۆلی لە ئێستادا بەدەست پێکانی ئەم یاریزانانەوە دەناڵێنێت: سکۆت مەکتۆمینەی، کێڤن دی بروین، زامبۆی ئەنگویسا،، بیلی گیڵمۆر و دەیڤد نێرێس.



