یەکلایی بووەوە؛ ئەستێرەیەکی خولی ئیتاڵی دەچێتە بارسێلۆنا
راهێنەری توانای جەستەیی یاریزانەکە هەمووشتێک ئاشکرا دەکات

یاریگا –
ئەستێرەکەی یوڤێنتۆس دەچێتە بارسێلۆنا و جێگەی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی دەگرێتەوە.
دوشان ڤلاهۆڤیچ وەرزێکی سەخت لە یوڤێنتوس بەڕێدەکات. پێکانەکەی کاتی یاریکردنی یاریزانەکەی لە ساتێکی گرنگی ساڵەکە کەم کردووەتەوە، خۆشی لە کۆتایی وەرز گرێبەستەکەی کۆتایی دێت. لە وەرزی رابردووەوە لێکدانەوەیەکی زۆر سەبارەت بە داهاتووی یاریزانەکە هەبووە و راهێنەری توانای جەستەیی یاریزانەکە، دوشان ئیلیچ کە لە هەمان کاتدا کەسێکی نزیک و متمانەپێکراوی یاریزانەکەشە، باوەڕی وایە دەزانێت داهاتووی یاریزانەکە لە کوێ دەبێت.
بەگوێرەی رۆژنامەی سپۆرت، ئیلیچ چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ تۆتۆ سپۆرتی ئیتاڵی ئەنجامداوە و تێیدا دەڵێت: “پێم وایە ڤلاهۆڤیچ دەچێتە بارسێلۆنا. پێش ئەوەی پەیوەندی بە یوڤێنتوسەوە بکات ئۆفەرێکی لە ئاتلێتیکۆ مەدریدەوە پێگەیشتبوو، بەڵام ئەو بڕیاریدا لە ئیتاڵیا بمێنیتەوە، ئێستا دۆخەکە جیاوازە.”
بە گووتەی ئیلیچ، ڤلاهۆڤیچ پێویستە یانەکەی بگۆڕێت تاوەکوو کاروانی وەرزشیی زیندوو بکاتەوە، دەشڵێت: “دوشان ئیتاڵیای خۆش دەوێت و رێزی دەگرێت، بۆیەش ماوەیەکی زۆر مایەوە، بەڵام ئێستا پیویستە سەر لەنوێ کاروانی وەرزشیی دەستپێبکاتەوە و بەرەوپێشەوە بڕوات. ئەوە تەنیا رێگایە بتوانێت جارێکی دیکە ببێتەوە یاریزانە نایابەکەی فیۆرێنتینا. ئەو یاریزانێکی نایاب بوو، هەمیشە ئەو کوالێتییە بەرزەی هەبووە.”

ئیلیچ سەبارەت بە پێکانی یاریزانەکەش دەڵێت: “پێم وایە لە سەرەتای مانگی ئادار ڤلاهۆڤیچ دەبینین بگەڕێتەوە نێو یاریگاکان و درێژە بە کارەکەی بدات کە گۆڵکردن و وێرانکردنی گۆڵپارێزەکانە. ئەم پێکانەی بێزارکەرە چونکە لە ناوچەیەکە کە بە هێواشی ساڕێژ دەبێت، بۆیە چاکبوونەوەکەی کاتێکی زیاتری دەوێت، بەڵام بەو دکتۆرانەی هەیەتی و چاودێری دەکەن، بەمزووانە دەگەڕێتەوە.”
ئیلیچ چەند ساڵێکە لە نزیکەوە لەگەڵ ڤلاهۆڤیچ کار دەکات، هەم بەتایبەت هەیش لەگەڵ تیمی هەڵبژاردەی سڕبیا.



