مانچێستەر سیتی پارەیەکی خەیاڵی بۆ ئەستێرەیەکی پرێمەرلیگ ئامادە دەکات
سیتی دەستی بە جووڵە کردووە

یاریگا –
مانچێستەر سیتی ئۆفەرێکی گرانبەها بۆ ئەستێرەیەکی ناوەڕاست ئامادە دەکات.
مانچێستەر سیتی لە ئێستاوە بۆ هاوینی داهاتوو کار لەسەر بەهێزکردنی پێکهاتەکەی دەکات. تیمەکەی گواردیۆلا ئۆفەرێکی بە بەهای 115 ملیۆن یۆرۆ بۆ گواستنەوەی یەکێک لە داواکراوترین ناوەڕاستکارەکانی ئەم هاوینەی پرێمەرلیگ ئامادە کردووە و لە ئێستاوە لەگەڵ بریکاری کارەکانی یاریزانەکە کەوتووەتە گفتوگۆ.
یاریزانەکە ئێلیۆت ئاندێرسنی تەمەن 23 ساڵە، کە لەگەڵ نۆتینگهام فۆرێست ئاستێکی بێوێنە پێشکەش دەکات. لەگەڵ هەڵبژاردەی ئینگلتەراش بووەتە یاریزانێکی گرنگی تۆماس تۆخێل، کە لە ئەیلوولی ساڵی رابردوو بۆ یەکەمجار بەشداریی پێکرد.
شێوازی یاریکردنی ئاندێرسن لەلای پێپ گواردیۆلا زۆر پەسندە. پێش ئەوەی لە 2024 پەیوەندی بە نۆتینگهامەوە بکات بە بەهای 41.2 ملیۆن یۆرۆ، لە ئەکادیمیای نیوکاسڵەوە سەرکەوتووە و تاوەکو هاوینی 2029 گرێبەستی لەگەڵ یانەکەی هەیە.
تۆخێل، ئاندێرسن بە باشترین هاوبەش دەزانێت لە ناوەڕاستی ئینگلتەرا. هاوکات نۆتینگهام ئامادە نییە بە کەمتر لە 93 ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری یاریزانەکە بێت و بە گوێرەی موندۆ دیپۆرتیڤۆ یانە گەورەکانی وەکوو مانچێستەر سیتی، بایرن میونشن، مانچێستەر یونایتد و چێڵسی، هەموویان گرنگی پێدەدەن و ئەمەش نرخی یاریزانەکەی بەرزکردووەتەوە. هەر بۆیە ئۆفەرەکەی سیتی رەنگە بگاتە 115 ملیۆن یۆرۆ.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەهۆکاری خێزانی ئاندێرسن بەلایەوە باشترە روو لە یەکێک لە یانەکانی مانچێستەر بکات، کە شارەکە تەنیا 130کم لە نۆتینگهامەوە دوورە و هەموو ئاماژەکانیش بۆ ئەوەن کە بژاردەی یەکەمی یاریزانەکە مانچێستەر سیتی دەبێت.



