ئیسپانیاراپۆرتی تایبەتگرنگترین

ئانچێلۆتی بۆ ریال مەدرید؛ بەبێ ئەم گۆڕانکارییانە سەرکەوتن ئەستەمە

کارلۆ ئانچێلۆتی داوای بەڕێکردنی ئەستێرەیەکی گەورەی کردووە

Yariga App

یاریگا –

جارێکی دیکە ریال مەدرید بەبێ گواستنەوەی هیچ یاریزانێک مێرکاتۆی زستانەی بەڕێکرد و بۆ حەوتەمین ساڵی لەسەریەک هیچ جووڵەیەکی نەکرد.

دوایین جار کە ریال مەدرید لە مێرکاتۆی زستانە یاریزانی گواستنەوە ساڵی 2019 بوو کاتێک براهیم دیازی لە یانەی مانچێستەر سیتییەوە گواستەوە ریزەکانی، بۆیە چیدیکە بێدەنگی ریال مەدرید لە مێرکاتۆی زستانە بابەتێکی نامۆ نییە و بووەتە سیناریۆیەکی باو کە هەموو وەرزێک دووبارە دەبێتەوە، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە ئەم وەرزەیە کە چەندین قەیران بەرۆکی یانەکەی گرتووە.

براهیم دیاز و فلۆرێنتینۆ پێرێز

تۆڕی ئاتلێتیک لە راپۆرتێکدا چەندین بابەتی نهێنیی ناوخۆی ریال مەدرید ئاشکرا دەکات و لەم بابەتەدا تۆڕی وەرزشی یاریگا بۆتان دەخاتەڕوو.

ئەم وەرزە ریال مەدرید بەدەست پێکانی یاریزانەکانی دەناڵێنێت و ئەنجامەکانی خراپن، لە مانگی دیسێمبەر/ کانوونی دووەمـی ساڵی پار، مەدرید لە یاریگای سانتاگۆ بێرنابیۆ بەبێ ئامادەبوونی هەشت یاریزانی سەرەکی میوانداریی مانچێستەر سیتی کرد و یارییەکەی بە ئەنجامی 2-1 پێ دۆڕاند، چەند رۆژێک دواتر، بەبێ ئامادەبوونی نۆ یاریزان بەزەحمەت لە ئالاڤێسیان بردەوە. دۆخەکە لە ساڵی نوێ بەرەو خراپتربوون رۆیشت؛ چابی ئاڵۆنسۆ بەهۆی لەدەستدانی جامی سوپەری ئیسپانیا و شکستی لە کلاسیکۆ لە راهێنەرایەتی یانەکە دوورخرایەوە، دواتر ئالڤارۆ ئاربێلوا وەک راهێنەری نوێ دەستنیشانکرا و لە یەکەمین یاری خۆیدا وەک راهێنەری تیپی یەکەم لەسەر دەستی یانەیەکی خولی پلە دووی ئیسپانیا لە جامی شا کرایە دەرەوە، لە چامپیۆنزلیگیش بەرامبەر بێنفیکا دووچاری شکستێکی سەخت هات و بەهۆیەوە لە سەرکەوتنی راستەوخۆ بۆ قۆناخی داهاتووی خولەکە بێبەش بوو، سەرەڕای هەموو ئەمانەش یانەکە هیچ جووڵەیەکی بە ئاڕاستەی چارەسەرنەکردنی کێشەکان نەکردووە.


بەگوێرەی ئاتلێتیک، بریکاری یاریزانێک کە بە یەکێک لە سێ باشترین یاریزانەکان لە پێگەکەی خۆی دادەنرێت، یاریزانەکەی پێشکەشی ریال مەدرید کردووە، بەڵام یانەکە رەتیکردووەتەوە و تەنیا لەم مێرکاتۆیەدا چەندین یاریزان لە رێی بریکارەکانیانەوە خۆیان پێشکەشی لۆس بلانکۆس کردووە بەڵام سەرجەمیان رەتکراونەتەوە.

هەروەها مەدرید رێگەی بە رۆیشتنی هیچ یاریزانێکیش نەداوە کە دەکرا بە فرۆشتنی چەند یاریزانێک بارگرانایی مووچەی یاریزانەکانی لەسەر کەم ببێتەوە و بڕە پارەیەکی باشی دەستبکەوێت، بەڵام بەرپرسانی یانەکە بەردەوامن لە پەیڕەوکردنی ستراتیژی بێدەنگی لە مێرکاتۆی زستانە و پێیان وایە گواستنەوەی یاریزانان لەم مێرکاتۆیەدا تێچووی زۆرە و یاریزانی کوالێتی بەرزیش لەبەردەست نەبووە، هەروەها پێکهاتەی ئێستای یانەکە بەهێزە و رکابەریی سەرجەم پاڵەوانێتییەکانی پێ دەکرێت.

لە سەرانسەری ئەوروپا ناچالاکی ریال مەدرید لە بازاڕی گواستنەوەی زستانە یانەکانی دیکەی سەرسام کردووە. رکابەرە دیارەکانی مێرەنگی لە مێرکاتۆی زستانەدا ریزەکانی خۆیان بەهێز کرد و کەموکوڕییەکانیان پڕکردەوە، بە نموونە بارسیلۆنا جواو کانسێلۆی گواستەوە، ئاتلێتیکۆ مەدرید ئادێمۆلا لووکمانی گواستەوە، پاریس سان جێرمان بە گواستنەوەی درۆ فێرناندێز و مانچێستەر سیتی بە گواستنەوەی ئانتۆنیۆ سێمێنیۆ و مارک گێی ریزەکانیان پتەوتر کرد.

تۆڕەکە لە زاری سەرچاوە نزیکەکانی یانەکەوە زانیویەتی، بەرپرسانی یانەی شاهانە پێیان وایە لە رووی داراییەوە ناتوانن رکابەریی یانەکانی پرێمەرلیگ بکەن، بەڵام یانەکە بەردەوامە لە تۆمارکردنی ریکۆردە داراییەکانی و بواری وەبەرهێنانی گەورە لەنێو مەدرید هەیە، بەوەش جووڵەنەکردنیان لە بازاری گواستنەوە زیاتر بووەتە جێی سەرسووڕمان.

یاریزانانی ریال مەدرید لە یاریی بەرامبەر بێنفیکا

لە ناوخۆی یانەکەش نیگەرانی لەسەر ئەم پرسە هەبووە، کەسە نزیکەکانی کارلۆ ئانچێلۆتی، راهێنەری پێشووی یانەکە لەدوای دوورخستنەوەی چابی ئاڵۆنسۆ رای خۆیان بۆ تۆڕەکە دەربڕیوە و رایانگەندووە کە گۆڕینی راهێنەر سودی نییە و تەنیا گۆڕانکاری ریشەیی مەدرید لەو دۆخە رزگار دەکات، یانەکە پێویستە لە سەرجەم هێڵەکاندا گۆڕانکاریی بکات بر فرۆشتنی ئەستێرەیەکی گەورە دەتوانن بەرگریکارێکی باڵی راست و چەپ، یاریزانێکی دڵی بەرگری و ناوەڕاستکارێک بگوازننەوە و سەرجەم کێشەکان بنبڕ دەکرێن.

بەگوێرەی سەرچاوەکە، کارلۆ ئانچێلۆتی وەرزی رابردوو بە پێرێزی گوتووە بەبێ گواستنەوەی بەرگریکارێکی باڵی راست، بردنەوەی چامپیۆنزلیگ ئەستەمە، هەروەها ئاڵۆنسۆ داوای گواستنەوەی یاریزانی کردووە، بەتایبەت گواستنەوەی ناوەڕاستکاریک زۆر پێویستە، بەڵام یانەکە رەتیکردووەتەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button