راپۆرتی تایبەت؛ ئێمباپێ چەند وەرزی پێویستە تاوەکوو ریکۆردە مێژووییەکەی کریستیانۆ بشکێنێت؟
سوپەر کیلیان تاوەکوو ئێستا لەسەر رێچکەی مامۆستاکەیەتی..

یاریگا –
ئامارەکانی کیلیان ئێمباپێ، هێرشبەری فەڕەنسی لە ئامارەکانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەفسانەی پۆرتوگالی نزیکن و کیلیان بۆ شکاندنی ژمارە پێوانەییەکانی رۆناڵدۆ لەسەر رێڕەوێکی دروست هەنگاو دەنێت.
سوپەر کیلیان دوای ئەوەی لە یاریگای مێستایا گۆڵێکی لە ڤاڵێنسیا کرد، ژمارەی گۆڵەکانی لەم وەرزە لە 31 یاریی بۆ 38 گۆڵ بەرزکردەوە. رێژەی تێکڕای گۆڵەکانی بۆ هەر یارییەک 1.22 گۆڵە.
ئێمباپێ ژمارەکانی کریستیانۆ تێدەپەڕێنێت؟
پرسیارەکە بۆ ئێستا زووە، چونکە کیلیان رێگەیەکی دووری لەپێشە، بەڵام ژمارە سەرەتاییەکان دەریدەخەن ئەگەری روودانی هەیە، کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە 438 یاریی 451 گۆڵی بۆ ریال مەدرید کردووە و گۆڵکاری مێژوویی یانەکەیە.
لە بەرامبەردا کیلیان ئێمباپێ لە 90 یاریی بە درێسی ریال مەدرید 82 گۆڵی کردووە، لە کاتێکدا کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە هەمان ژمارەی یاریی 86 گۆڵی کردبوو، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە ئێمباپێ بەخێرایی لە ژمارەکانی ئەفسانە پۆرتوگالییەکە نزیکبووەتەوە.
🐐¿Puede Mbappé dar caza a Cristiano Ronaldo como goleador en el Real Madrid? 🐢
Ojo, que no es ninguna locura 🤓 pic.twitter.com/VjhTsr2DFy
— MARCA (@marca) February 9, 2026
هاوکێشە بیرکارییەکان ژمارەی سەرسوڕهێنەر ئاشکرا دەکەن
بەگوێرەی ئەوەی ئێمباپێ بۆ هەر یارییەک بەڕێژەی 0.91 گۆڵی بۆ ریال مەدرید کردووە، پێویستی بە 496 یاریی دەبێت بۆ ئەوەی 452 گۆڵ بۆ ریال مەدرید بکات و ریکۆردە مێژووییەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ تێپەڕێنێت، واتا پێویستە لە هەر وەرزێک 55 یاریی بکات و لە 9 وەرزی داهاتوو بەشداریی زۆرینەی یارییەکان بکات، تاوەکوو وەرزی 2032-33 بەردەوامبێت کە ئەوکات تەمەنی دەبێتە 34 ساڵ.
بەڵام ئەگەر لەسەر ئەم ریتمەی ئێستای بەردەوامبێت کە لەم وەرزە بۆ هەر یارییەک 1.22 گۆڵی کردووە، ئەوا بۆ شکاندنی ریکۆردەکەی کریستیانۆ پێویستی بە تەنیا 302 یاریی دەبێت، بەڵام پێدەچێت ئەم ژمارەیە ئەستەم بێت.
ئالڤارۆ ئاربێلوا راهێنەری یانەکە دەڵێت: واماندەزانی چیدیکە یاریزانی وەکوو کریستیانۆ رۆناڵدۆ نابینین، بەڵام ئێستا ئێمباپێ لەسەر هەمان رێچکەی کریستیانۆیە.
لەدوای رۆیشتنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ریال مەدرید پشتی بە یەک یاریزان نەبەستووە، جگە لە وەرزە سەرسوڕهێنەرەکەی کەریم بێنزێما لە 2021-2022.
تەنیا گۆڵەکان بەس نین
هەرچەندە ژمارەی گۆڵەکانی سەرنجڕاکێشن بەڵام میراتییەکەی کریستیانۆ تەنیا لە گۆڵەکان کۆنەبووەتەوە و زۆر لەوە زیاترن، کریستیانۆ رۆڵی سەرەکی لە بەدەستهێنانی دەمەین چامپیۆنزلیگی ریال مەدرید و بەدەستهێنانی سێ چامپیۆنزلیگی بەدوای یەک هەبووە.
دەستپێکی ئێمباپێ لەگەڵ ریال مەدرید سەرسوڕهێنەرە، بەڵام درکی بەوە کردووە، تاوەکوو نازناوەی 15ـی چامپیۆنزلیگ نەخاتە خەزێنەی یانەکە، سەردەمی شکۆمەندی دەستپێناکات.
— MARCA (@marca) February 9, 2026



