
یاریگا-
کریستیانۆ رۆناڵدۆ کۆتایی بە مانگرتنەکەی دەهێنێت و دەگەڕێتەوە یاریکردن بۆ یانەی نەسڕ.
رۆژنامەی A BOLA بڵاویکردووەتەوە، یانەی نەسڕ بەڵێنی جێبەجێکردنی سەرجەم داواکانی کریستیانۆی داوە، بۆیە پێشبینی دەکرێت لە یارییەکانی داهاتووی یانەکە ئەفسانەکەی تۆپی پێ بگەڕێتەوە نێو لاکێشەی سەوز.
لە ماوەی هەفتەی رابردوو کریستیانۆ رۆناڵدۆ رەتیکردەوە لە یارییەکانی یانەکەی ئامادەبێت و بە تەنیا مەشقەکانی دەکرد، ئەمەش بەهۆی تووڕەبوونی یاریزانەکە لە یانە و بەرپرسانی خولی سعوودی لەبەر چەند هۆکارێک.

هۆکارەکانی یاخیبوونی رۆناڵدۆ لە خولی سعوودیە
- نەکردنی گرێبەستی گەورە بۆ یانەی نەسڕ، لە بەرامبەردا خەرجکردنی بڕە پارەیەکی زۆر و گواستنەوەی ئەستێرە گەورەکان بۆ یانەی هیلالی رکابەری یانەکەی کریستیانۆ، بەتایبەت گواستنەوەی کەریم بێنێزما.
- دواخستنی مووچەی بەشێک لە کارمەندانی یانەی نەسڕ.
- کەمکردنەوەی دەسەڵاتی ئەو بەرپرسانەی یانەی نەسڕ کە لە کریستیانۆوە نزیکن.
بەگوێرەی رۆژنامە پۆرتووگالییەکە، یانە سعوودییەکە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە سەرجەم داخوازییەکانی کوڕەکەی مادێرا جێبەجێکردووە، مووچەی کارمەندەکانی خەرجکردووە، دەسەڵاتی گەڕاندووەتەوە بۆ نزیکەکانی رۆناڵدۆ و بەڵێنی شتی گەورەتری پێ داوە لە داهاتوودا.
رۆژنامەکە دەشڵێت، لەسەر داخوازیی کریستیانۆ گۆڕانکاریی گەورە لەنێو بەرپرسانی یانەی نەسڕ دەکرێت و بە ئەگەری زۆر عەبدوڵڵا ماجید، سەرۆکی یانەکە دووردەخرێتەوە.
ئەستێرە تەمەن 41 بەهارییەکە لە یاریی یانەکەی بەرامبەر یانەی ئارکاداخ لە چامپیۆنزلیگی ئاسیا 2 بەشداریی ناکات بەڵام بۆ یاریی بەرامبەر یانەی فەتع دەگەڕێتەوە.



