پلانی بایرن میونشن بۆ خولیان ئالڤارێز ئاشکرا دەکرێت

یاریگا –
داهاتووی خولیان ئالڤارێز لە ئاتلێتیکۆ مەدرید نادیارە و سەرنجی چەندین یانەی راکێشاوە.
ماوەیەکە ناوی خولیان ئالڤارێز بە ئارسیناڵەوە بەستراوەتەوە و راپۆرتە هەواڵییەکان ئاماژەیان بەوەداوە کە یانەکە ئامادەیە دوو یاریزان لە کۆڵ بکاتەوە لەپێناوی گواستنەوەی هێرشبەرە ئەرجەنتینییەکە.
لەو کاتەوەی لە مانچێستەر سیتییەوە پەیوەندی بە ئاتلێتیکۆ مەدریدەوە کردووە، ئالڤارێز لە 87 یارییدا 40 گۆڵی کردووە و 14 گۆڵیشی دروستکردووە. ئەگەرچی تاوەکو 2030 گرێبەستی لەگەڵ رۆخێ بلانکۆس هەیە، بەڵام چارەنووسی ئالڤارێز لە مێترۆپۆلیتانۆ نادیارە.

ئارسیناڵ، چێڵسی و لیڤەرپوول گرنگی پێدەدەن، دەکرێت لە هاوینی داهاتووشدا بارسێلۆنا بۆ گواستنەوەی دەست بە جووڵە بکات. راپۆرتە هەواڵییەکانی ئەم دواییە ئاماژە بەوە دەکەن کە گەنەرز ئامادەیە گابریێل مارتینێلی و گابریێل خیسۆس بخاتە گرێبەستی ئاڵوگۆڕ لەگەڵ خولیان.
ئاتلێتیکۆ هیچ نیازێکی دەستبەرداربوونی لە ئالڤارێز نییە، بۆ هەر گرێبەستێکیش داوای زیاتر لە 86 ملیۆن پاوەند دەکات.
بایرن میونشن لە کێبڕکێی گواستنەوەی ئالڤارێزە؟
بایرن میونشن بۆ یەدەگی هاری کەین پێویستی بە هێرشبەرێک دەبێت. نیکۆلاس جاکسن کە بە خواستن لە چێڵسییەوە پەیوەندی بە یانە باڤارییەکەوە کردووە، نەیتوانیوە بەرپرسانی یانەکە لە ئاستی خۆی رازی بکات بۆیە بایرن لە کۆتایی وەرزدا گرێبەستەکەی بە هەمیشەیی ناکات.
ئەمەش مانای وایە بایرن دەبێت هاوینی داهاتوو بەدوای هێرشبەرێکی نوێدا بگەڕێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئالڤارێز ئەو یاریزانە نییە کە ئەوان دەیانەوێت بیگوازنەوە. یانەکە پێی وایە کەین هێشتا دەتوانێت لە ئاستی باڵا بۆ چەند ساڵێکی دیکە بەردەوام بێت و بە ئەگەری زۆرەوە گرێبەستێکی نوێی پێشکەش دەکەن.
خولیان یاریزانێکی سەرنجڕاکێشە، بەڵام بەگوێرەی کریستیان فاڵکـی رۆژنامەنووسی نزیک لە بایرن میونشن، یانەکە کار لەسەر گواستنەوەی ئالڤارێز ناکات و لە ئێستا هیچ جووڵەیەک بە ئاراستەی ئەو یاریزانە نانێن.
دەرچوونی بایرن لە کێبڕکێی گواستنەوەی ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە، مانای هەنگاوێک بەرەوپێشچوونی ئارسیناڵە بەرەو گواستنەوەی بۆ ریزی تۆپهاوێژەکانی لەندەن.



