
یاریگا –
ئالڤارۆ ئاربێلوا، راهێنەری یانەی ریال مەدرید پێیوایە کیلیان ئێمباپێ ژمارەکانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەشکێنێت.
شەوی رابردوو لە یارییەکانی گەڕی 23ـی لالیگا ریال مەدرید لە یاریگای مێستایا بووە میوانی ڤالێنسیا و بە دوو گۆڵی ئێمباپێ و کارێراس یارییەکەی لە خاوەن ماڵ بردەوە.
لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی دوای یارییەکە، ئاربێلوا ستایشی ئاستی هێرشبەرە فەڕەنسییەکەی کرد و لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەفسانەی یانەکە بەراوردی کرد.
ئەوەی کریستیانۆ کردی شتێکە تەنیا بە بوونەوەری ئاسمانی دەکرێت، ئەستەمە کەس تێیپەڕێنێت یاخود لێی نزیک ببێتەوە، شتێکی ئاسان نییە، بەڵام کیلیان باشترین یاریزانی جیهانە و ئەگەر کەسێک هەبێت کریس تێپەڕێنێت، ئەو کەسە کیلیانە.

راهێنەرە ئیسپانییەکە لە درێژەی قسەکانی باسی لە سەنگی بردنەوەکەیان کرد و یارییەکەی بە قورس ناوبرد.
هاتن بۆ یاریگای مێستایا وەکوو سەردانیکردنی پزیشکی ددان وایە، هەمیشە تووشی ئاستەنگی دەبینەوە، دڵخۆشم بە سێ خاڵی یارییەکە، لە ماوەی 11 ساڵدا تەنیا 3 یاریمان لەو یاریگایە بردووەتەوە، پێم وایە ئەمە سەرکەوتنێکی زۆر قورس بوو.
لە کۆتاییدا ئاربێلوا ستایشی شێوازی بەرگریکردنی تیپەکەی کرد و دڵخۆشی خۆی دەربڕی کە کۆرتوا هیچ تۆپێکی مەترسیداری ئاڕاستە نەکراوە.
پێم وانییە کۆرتوا ئەمڕۆ هیچ ‘سەیڤ’ـێکی کردبێت، ئەمە ئەو رێگایەیە کە یاریزانەکان پەیڕەوی دەکەن؛ یارمەتیدانی یەکتر، پابەندبوون، لەخۆبووردوویی و قوربانیدان، یاریزانەکان هەموو ئەو بەهایانەیان پێشاندا کە پێم وایە بۆ تیپەکە زۆر گرنگن، لەوەوە، تەنیا پێویستە بەردەوامبین لە باشتربوون.



