
یاریگا –
ململانێی نێوان گۆڵکارە گەورەکانی خولەکانی ئەوروپا بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی پێڵاوی زێڕین وەکو باشترین گۆڵکاری کیشوەرەکە بەردەوامە، و ئەم وەرزە بە کێبڕکێیەکی بەهێز لە نێوان سێ ئەستێرەی ناودار جیادەکرێتەوە.
هەفتەی رابردوو هەر سێ ئەستێرە دیارەكەی ئێستای تۆپی پێ و سێ ركابەرە سەرەكییەكەی خەڵاتەكە گۆڵیان بۆ یانەكانیان كرد.
ئەستێرەی ئینگلیزی، هاری کەین، هێرشبەری یانەی بایرن میونشن و گۆڵکاری خولی ئەڵمانیا، بە کۆکردنەوەی 48 خاڵ دوای 24 گۆڵ، لە پلەی یەکەمی ریزبەندی پێڵاوی زێڕیندایە.
ئەستێرەی فەڕەنسی کیلیان ئێمباپێ، هێرشبەری ریال مەدرید و گۆڵکاری خولی ئیسپانیا کە هەڵگری نازناوی وەرزی رابردووە، بە كۆكردنەوەی 46 خاڵ لە 23 گۆڵدا بەدوای هاری کەیندا دێت.
لە پلەی سێیەمدا، ئەستێرەی نەرویجی ئێرلینگ هالاند، هێرشبەری یانەی مانچێستەر سیتی و گۆڵکاری خولی نایابی ئینگلیزی دێت، بە کۆکردنەوەی 42 خاڵ لە 21 گۆڵدا.
خەڵاتەكە بۆ پێنج خولە بەهێزەكەی ئەوروپا گۆڵێک بەرامبەر دوو خاڵە.



