
یاریگا –
ئەمڕۆ بەفەرمی پڕۆسەی هەڵبژاردنەکانی یانەی بارسێلۆنا دەستیپێکرد.
یانەی بارسێلۆنا بەیاننامەیەکی فەرمی بڵاوکردەوە و رایگەیاند کە، ئێستا ئەندامانی بارسێلۆنا بەفەرمی بانگ کراون بۆ دەنگدان. بە بڕیاری لیژنەی بەڕێوەبەران بۆ رێکخستنی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی، ئەم دووشەممەیە 9ـی شووبات بانگشێتنامەی فەرمی بڵاوکرایەوە و رۆژژمێری هەڵبژاردنەکان چالاک کرا هاوپێچ لەگەڵ دیاریکردنی دوا وادە لە تۆمارەکانی بارسێلۆنا، کە بڕیارە 15ـی ئادار هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.
Elections under way for FC Barcelona presidencyhttps://t.co/cpRtOPf5cf pic.twitter.com/Av6OHnt0p8
— FC Barcelona (@FCBarcelona) February 9, 2026
بارسێلۆنا بەمەبەستی دەنگدان 5 وێستگەی دەنگدانی لە 5 شوێنی جیاواز داناوە، بارسێلۆنا، جیرۆنا، لێیدا، تاراگۆنا و ئاندۆرا. دەنگدانەکە جیهانی دەبێت و ئەندامەکان دەتوانن لە هەر یەکێک لەو وێستگانە دەنگی خۆیان بدەن، بێ گوێدانە ئەوەی لە کوێ دەژین.
بۆ دەنگدانی ئەمجارە دەنگدان بەشێوەی پۆستە بوونی نابێت، هاوشێوەی دەنگدانەکانی 2021 کە ئەندامەکان دەیانتوانی دەنگ بدەن و بەشێوەی پۆستە دەنگەکانیان بۆ یانەکە بنێرنەوە. دەنگدانی 2021 بەهۆی پەتای کۆرۆنا دۆخێکی تایبەت بوو کە ئەندامان دەیانتوانی دەنگەکانیان بەشێوەی پۆستە بنێرن.

بڕیارە 15ـی ئادار پازدەیەمین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی یانە کەتەلۆنییەکە ئەنجام بدرێت، ساڵی 1953 بۆ یەکەمجار هەڵبژاردنەکان لەنێو یانەکە ئەنجام دران کە دەنگدان تەنیا بۆ ئەندامانی پیاو بوو.
کێن ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە؟
هەر ئەندامێک ئەم مەرجانەی تێدابێت دەتوانێت دەنگ بدات:
1. لە تەمەنی یاسایی بێت و لەڕووی یاساییەوە رانەگیرابێت.
2. بە لایەنی کەمەوە ساڵێک بەسەر ئەندامبوونی تێپەڕیبێت.
3. مافی ئەندامبوونی هەڵنەپەسێردرابێت.
4. ناوی لە هەڵبژاردنەکانی ئێستا هەبێت.
لیژنەی بەڕێوەبردنی ئێستا کە 2021 هەڵبژاردران و دەست لەکار ناکێشنەوە تاوەکوو ساتی دەستبەکاربوونی ئەندامانی نوێ بە دەسەڵاتی تەواوە لە بەڕێوەبردنی یانەکە بەردەوام دەبن. هەر ئەندامێکیش بیەوێت خۆی هەڵبژێرێتەوە و بەشداریی هەڵبژاردنەکان بکاتەوە، پێویستی لە ساتی بڵاوکردنەوەی فەرمی هەڵبژاردن کە دەکاتە ئەمڕۆ 9ـی شووبات، تاوەکوو 22ـی شووبات دەست لەکار بکێشنەوە.
لەسەر ئەم بنەمایە ئەمڕۆ خوان لاپۆرتای سەرۆکی بارسێلۆنا، دەستی لەکارکێشایەوە و خۆی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو دەپاڵێوێت. رافا یوستێ وەکوو سەرۆکی کاتیی تاوەکوو هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێ کارەکان بەڕێوەدەبات.

بڕیاریشە بانگەشەی هەڵبژاردنەکان لە 6ـی ئادار دەستپێبکات و لە 13ـی هەمان مانگ کۆتایی بێت.



