
یاریگا –
دهۆک لە دەرەوەی یاریگای خۆی لەگەڵ کارەبا یەکسان بوو، راهێنەری دهۆکیش هۆکاری یەکسان بوونەکەیان باس دەکات.
لە گەڕی 17ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، دهۆک لە یاریگای نەجەف لەگەڵ کارەبا بە گۆڵێک یەکسان بوو، لە خولەکی 68ـی یارییەکەوە دهۆک بە 10 یاریزان یارییکرد دوای کرانە دەرەوەی مونزڕ عەلەوی یاریزانی عومانی بە کارتی سوور لەلایەن ناوبژیوانەوە.
عەبدولغەنی شەهد، راهێنەری دهۆک هۆکاری سەرەکی یەکسان بوونەکەیان بۆ کارتە سوورەکە و لە دەستدانی هەلی ئاسان لەلایەن یاریزانانەوە دەگەڕێنێتەوە، راهێنەرەکەی دهۆک دوای یارییەکە زیاتر گووتی:
لە گێمی یەکەم باش نەبووین، بەڵام لە گێمی دووەم کۆنتڕۆڵی یاریگامان کرد، باجی لەدەستدانی هەلی ئاسانمانداو گۆڵمان لێ تۆمارکرا، دووەم یارییە بەدوای یەک هەلی ئاسان زۆر لەدەست دەدەین و پێویستە چارەسەری بکەین، کارتە سوورەکە بە شێوەیەکی زۆر کاریگەری لەسەر ئاستی تیپەکە دروستکرد، وێڕای ئەمەش بە 10 یاریزان توانیمان گۆڵی یەکسان بوون تۆمار بکەین.
بەم یەکسان بوونە هەڵۆکانی چیا بە 26 خاڵ لە ریزبەندی نۆیەمی خولەکە مانەوە، گەڕی داهاتووش لە یاریگای رووبەڕووی موسڵ دەبێتەوە، کارەباش بە 12 خاڵ لە ریزبەندی 18ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دێت.



